گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

سلێمانی هاوردەکردنی بەروبومی پەلەوەر و ئاژەڵی لە دەرەوە کەم کردەوە

2020.10.04 - 14:18
App store icon Play store icon Play store icon
سلێمانی هاوردەکردنی بەروبومی پەلەوەر و ئاژەڵی لە دەرەوە کەم کردەوە

ناس کورد-

بە مەبەستی پاراستنی بەرهەمی ناوخۆ، قائیمقامیەتی سلێمانی بڕیاریدا ڕێژەی هاوردەكرنی بەروبوومی پەلەوەر و ئاژەڵ لە دەرەوی سنوری پارێزگاکە کەم بکاتەوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

لە میانەی کۆبوونەوەیەکەدا لە دیوانی قائیمقامیەتی قەزای ناوەندی سلێمانی (3ی تشرینی یەکەمی 2020)، ئاوات محەمەد، قائیمقامی سلێمانی لەگەڵ لیژنەی دیاریكردنی بەروبومی ئاژەڵی و پەلەوەری پارێزگای سلێمانیدا تاوتوێی چۆنێتی پاراستی بەرهەمی ناوخۆی پەلەوەر ئاژەڵیان کرد بە جۆرێک هاوسەنگ بێت لەگەڵ پێداویستی هاوڵاتیانی شاری سلێمانی.

 

بەگوێرەی ڕاگەیەنراوی کۆبوونەوەکە کە ناوەڕۆکەکەى دەستی ناس کورد کەوتووە، "پاش هەڵسەنگاندن بۆ ئاستی بەرهەمهێنانی بەروبومی ناوخۆیی بڕیاردرا پێداچوونەوە بەبڕی ئەو بەروبووم و پێداویستیانەدا بكرێت كە هاوردەی پارێزگای سلێمانی دەكرێت".

 

ڕاگەیاندراوەکەی قائیمقامیەتی سلێمانی ئاماژە بەوەکردووە، ڕزگار حەمەد خدر، جێگری بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵی سلێمانی لە کۆبوونەوەکەدا وتوویەتی: "بۆ زۆربوونی پڕۆژە كشتوكاڵیەكان و بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەمی ناوخۆ، هەروەها بۆ پشتگیری جوتیاران و پڕۆژە كشتوكاڵییەكان، بەرووبومە پەلەوەریەكان تا ئاستێكی باش بەرهەمی ناوخۆ پڕدەكاتەوە".

 

ئاماژە بەوەشکراوە، لە ڕێژەی بەروبومە هاوردەكراوەكان ڕەچاوی زیادبوونی بەرهەمی ناوخۆ و كەمبوونەوەی بەكارهێنان لە وەرزەكاندا كراوە، لیژنەكە بۆ مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ بڕیاری دا 300 تۆن پارچەی مریشك و 500 تۆن گۆشتی سور هاوردە بکات، هەروەها سەبارەت بەماسی و ئاژەڵی زیندوو لە مانگی ڕابردوودا ڕەسیدی سێ‌ مانگ داهاتووی ئەمساڵ دیاری كراوە.