گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’لەوانەیە پەیامێک بێت بۆ هەرێم’’

ئەندامێکی لیژنەى دارایی سێ هۆكار بۆ دابەشنەكردنى موچە ئاشكرا دەكات

2020.10.04 - 10:47
App store icon Play store icon Play store icon
ئەندامێکی لیژنەى دارایی سێ هۆكار بۆ دابەشنەكردنى موچە ئاشكرا دەكات

ناس کورد-

ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، سێ ئەگەر هەيە بۆ دابەشنەكردنى موچەى فەرمانبەرانى عێراق، یەکێکیان ئەوەيە كە لەوانەيە بەغدا بيەوێت پەیامێک ئاڕاستەى هەرێم بكات.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئەحمەد حاجى ڕەشيد، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكى تايبەتدا بۆ "ناس كورد" ئاشكرايكرد، هۆكارى دابەشنەكردنى موچە سێ ئەگەر هەيە كە پێويستيان بە وەڵامى حكومەتە.

 

هۆکاری یەکەم، بە ڕای ئەحمەدی حاجی ڕەشید، ئەوەيە لەوانەيە پەیامێک بێت حكومەتی عێراق بيەوێت لە ڕێگەى فشارى شەقامەوە پەرلەمان ناچار بكات بۆ ئەو داوايەى حكومەت كردويەتى بۆ قەرزى زياتر، دووەميش لەوانەيە پەیامێک بێت بۆ هەرێمى كوردستان كە دەڵێت "حكومەت خۆى تواناى پێدانى موچەى نييە بۆيە هەرێم نابێت داواى شايستە داراييەكانى بكات".

 

سەبارەت بە خاڵى سێيەم، ئەحمەدى حاجى ڕەشيد پێى وايە، لەوانەشە پەیامێکی سياسى بێت بەوەى ئەگەر پشتگيرى چاكسازيەكانى كازمى نەكرێت و لايەنە سياسيەكان پشتگيرى نەكەن ئەوا بارودۆخى عێراق بەرەو ڕووخان دەڕوات، وتيشى: "لە ئەنجامى وەڵامدانەوەى حكومەتدا ئەو سێ پرسيارە لاى ئێمە يەكلايى دەبێتەوە".

 

عەبدولئەمیر عەلاوی، وەزیری دارایی عێراق ڕایگەیاند، موچە و شایستە داراییەکانی فەرمانبەران بۆ ئەم مانگە بەبێ هیچ گرفتێک دابین کرا و لەم چەند ڕۆژە یاخود هەفتەى داهاتوودا فەرمانبەران موچەکانیان وەردەگرن".   

  

عەبدولئەمیر عەلاوی (4ی تشرینی یەکەمی 2020) بە ئاژانسی فەرمی عێراقییەی وتووە، "خەرجکردنی موچەى فەرمانبەران پەیوەستە بە دەنگدانی پەرلەمانی عێراق لەسەر یاسای قەرزەکان، ئەوەش کورتهێنانی ئێستا وڵاتی چارەسەر دەکات."  

  

دەشڵێت، "ئەو گوژمەیە بەردەست دەبێت ئەگەر هاتوو پەرلەمان دەنگی دا لەسەر یاسای قەرزەکان، یاساکە گرنگە چونکە پێداویستییە داراییەکانی دەوڵەت فەراهەم دەکات و کورتهێنانی ئێستای بودجەش چارەسەر دەکات."  

  

لەوبارەیەوە، ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، وەزارەتی دارایی عێراق پابەندی یاسای قەرز وەرگرتن نەبووە و هیچ پرۆژەیەکی چاکسازیشی بۆ دۆخی دارایی عێراق نییە، دەشڵێت، وەزارەتی دارایی دەیەوێت تەنها لەڕێگەی قەرزەوە موچەی فەرمانبەران دابین بکات.  

  

محەمەد دەراجی، ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە تویتکێدا کە ناس کورد بینیویەتی ڕایگەیاند: "وەزیری دارایی لە کاتی بانگهێشتکردنی بۆ پەرلەمان بەڵێنی دا پێش کۆتایی مانگی ئەیلول ڕەشنوسی پڕۆژەیەکی چاکسازی پێشکەش بکات، بەڵام ناوبرا تائێستا ئەو ڕەشنوسەی پێشکەش نەکردووە".  

  

ئاماژە بەوەشکرد، "وەزیری دارایی بەڵێنی ئەوەشی دابوو کە پڕۆژە چاکسازییەکەی لە ناوەڕاستی مانگی تشرینی یەکەمدا دەچێتە بواری جێبەجێبکردنەوە، بەڵام تائێستا ئەو هیچی نەکردووە تەنها دەیەوێت لە ڕێگەی قەرز وەرگرتن لە بانکی ناوەندییەوە شایستە دارایییەکانی فەرمانبەران دابین بکات".