گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

تەندروستیی عێراق هۆشداریدا لە ’’مەترسیداری’’ دەستپێکردنەوەی خوێندن

2020.10.04 - 09:53
تەندروستیی عێراق هۆشداریدا لە ’’مەترسیداری’’ دەستپێکردنەوەی خوێندن

ناس کورد-

ئەندامێکی تیمی ڕاگەیاندنی تەندروستی وەزارەتی تەندروستیی عێراق ڕایگەیاند، بڕیاری دەستپێکردنەوەی دەوامی خۆێندنگاکان و گەڕانەوەی خوێندکاران بۆ خوێندن لە ئێستادا بڕیارێکی دروست نییە، ئاماژەی بەوەشکرد، دوای کۆتایی مەراسیمی چلەی ئیمام حسێن و وەرزی پایز بڕیار لەسەر ئەو پرسە دەدرێت.

 

زیاد حامد، ئەندامی تیمەکە (4ی تشرینی یەکەمی 2020) لە ڕاگەیانراوێکدا دەڵێت: "لەئێستادا پێویستە خوێندکارانی قۆناغی ئامادەیی و زانکۆکان لە ڕێگەی خوێندنی ئەلیکترۆنییەوە درێژە بە خوێندنەکەیان بدەن، گەڕانەوە بۆ هۆڵەکانی خوێندن لەم کات وساتەدا مەترسیدارە، چونکە ڤایرۆسی کۆرۆنا بە شێویەکی بەرفراوان تەشەنەی کردووە".


ئاماژەى بەوەشکردووە کە "دەستپێکردنەوەی دەوامی خۆێندکاران پاش کۆتایی مەراسیمی چلەی ئیمامی حسێن و کۆتایی وەرزی پایز بڕیاری لە سەردەدرێت".


دەشڵێت، "لەوانەیە دوای ئەو ماوەیە ژمارەی توشبوون بە ڤایرۆسەکە ڕۆژانە 10 هەزار حاڵەت تێپەڕ بکات کە ئەوەش وادەکات نەتوانرێت پێشبینی بۆ دۆخەکە بەتەواوتی بکرێت." 

هاوکات لیژنەى تەندروستیی پەرلەمانى عێراق داواى دواخستنى دەستپێکردنى ساڵى نوێی خوێندن دەکات بۆ ماوەى دوو مانگ، ئەوەش بەهۆی ڕێگری لە زیاتر بڵاوبوونەوەى کۆرۆنا.  

  

کەفا فەرحان، ئەندامى لیژنەکە بە ڕۆژنامەى سەباحى نیمچە فەرمى ڕاگەیاندووە، داواکارییەکیان پێشکەشى سەرۆکایەتى پەرلەمان کردووە بۆ دواخستنى ساڵى نوێی خوێندن، بۆ ئەوەى خوێندکاران توشى کۆرۆنا نەبن لەکاتى گەڕانەوەیان بۆ قوتابخانە، داواش دەکات پشت بە خوێندنى ئەلیکترۆنى ببەسترێت.  

  

وتیشى، "تێکەڵبوونى خوێندکاران لە قوتابخانە دەبێتە هۆى تووشبونیان بە کۆرۆنا، بەتایبەتى کە ئێستا لە حاڵەتى بڵاوبوونەوەى فراوانى پەتاکەداین و پێویستە ڕێوشوێنى خۆپارێزى بگیرێتەبەر".  

  

کەفا فەرحان داواى لە وەزارەتى تەندروستى کرد، سەرجەم پێداویستییە تەندروستی و پزیشکییەکان دابینبکات بۆ سنوردارکردنى بڵاوبوونەوەى پەتاکە، بەتایبەتى کە تا ئێستا هیچ ڤاکسینێک نەگەیشتووەتە عێراق.