گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

خوێندنی زانکۆ و پەیمانگەکان لەنێوان ’’دەستپێکردنەوە’’ و ’’بایکۆت’’ کردندا

2020.10.03 - 23:36
خوێندنی زانکۆ و پەیمانگەکان لەنێوان ’’دەستپێکردنەوە’’ و ’’بایکۆت’’ کردندا

ناس کورد-

بریارە سبەینێ ساڵی نوێی خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێم دەستپێبکات و مامۆستایەکی زانکۆش دەڵیت، تاوەکو ئێستا دیارنییە، خوێندن بایکۆت دەکرێت یاخود دەستپێدەکاتەوە، دەشڵێت، خوێندکاران بەڕێژەیەکی کەم پابەندی خوێندنی ئۆنڵاین دەبن.

 

د. ئەحمەد محەمەد ساڵح، مامۆستا لە زانکۆی سلێمانی و ئەندامی دەستەی داکۆکی لە زانکۆ و پەیمانگاکان بە ناس کورد ڕاگەیاند: "تاوەکو ئێستا دیار نییە سبەینێ دەست بە دەوامی خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگاکان دەکرێتەوە، یاخود بایکۆت دەکرێت."

 

وتیشی: "ئەوە کەوتووەتەسەر خوێندکاران کە ئامادەن بە ئۆنڵاین دەوام بکەن، یاخود بایکۆت دەکەن، چونکە لەماوەی ڕابردوودا ناڕازیبوونی خۆیان لە خوێندنی ئۆنڵاین ڕاگەیاند."

 

سەبارەت بە بایکۆتکردنی دەوامی لەلایەن مامۆستایانەوە، ئەو ئەندامەی دەستەی داکۆکی لە زانکۆ و پەیمانگاکان ئاماژەی بەوەکرد، ڕەنگە قورس بێت بایکۆتکردنی دەوام لەلایەن مامۆستایانی زانکۆ و پەیمانگاکانەوە، چونکە تاڕادەیەک بارودۆخی ژیانی ئەوان جیاوازترە لە مامۆستایانی قوتابخانەکان.

 

جەختیشیکردەوە، ئەوان هەمووکات پشتیوانی لە مامۆستایانی قوتابخانە و خوێندنگەکان دەکەن، بەڵام فشاری ئەوان جیازترە و ئەوان زیاتر لەڕێگەی پرۆژە و فشاری دیکەوە داوای مافەکانیان دەکەن، نەوەک بایکۆت کرد.

 

سەبارەت بە خوێندنی ئۆنڵاین، ئەو مامۆستایە باسی لەوەکرد، خوێندکاران پابەندی خوێندنی ئۆنڵاین نابن و هیچ میکانیزمێکیش نییە بۆ لیپرسینەوەیان و تائێستاش ڕوون نییە چۆن خوێندن دەستپێدەکاتەوە، ڕەنگە چەند ڕۆژی داهاتوو بەتەواوی ئەوە ڕوونبێتەوە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ساڵی ڕابردوودا چەند وانەیەکەیان بە ئۆنڵاین خوێندووە، بەڵام خوێندکاران پابەندییەکی زۆر کەمیان هەبووە و لەکۆی زیاتر لە 250 خوێندکار کەمتر لە 40 خوێندکار ئامادەی وانەکان بوون.

 

لەدوای دەستپێکردنی خوێندنی قوتابخانەکان، بڕیارە سبەینێ یەکشەممەش لەبەشیکی زۆر لە زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان خوێندن دەستپێبکات و بەگوێرەی بڕیاری وەزارەتی خوێندنی باڵاش، خوێندن بەشێوەی ئاوێتە دەبێت.