گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی بەرهەم ساڵح و باڵیۆزی ئێران لە بەغدا

2020.10.03 - 22:51
ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی بەرهەم ساڵح و باڵیۆزی ئێران لە بەغدا

ناس کورد-

سەرۆک کۆماری عێراق و باڵیۆزی ئێران لە عێراق کۆبوونەوە و گفتوگۆیان لەبارەی دۆخی ئەمنیی عێراق و پاراستنی نێردە دیبلۆماسییەکان کرد و جەختیان لە سەرەوەری یاسا کردەوە.

 

د. بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق (3ی تشرینی یەکەمی 2020)  پێشوازیکرد لە ئیرەج مەسجدی، باڵیۆزی ئێران لە عێراق.

 

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق، لەو دیدارەدا گفتوگۆکرا دەربارەی پەیوەندی دوو قۆڵی نێوان هەردوو وڵات و چۆنیەتی پەرەپێدانی ئاسۆی هاریکاری هاوبەش لە سەرجەم بوارەکاندا، بەجۆرێک خزمەت بە بەرژەوەندی هەردوو گەلی دراوسێ بکات.

 

ئاماژە بەوەشكراوە، لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا گفتوگۆکرا سەبارەت بە دواین پەرەسەندنە سیاسییەکانی گۆڕەپانی ناوچەکە و گرنگی کەمکردنەوەی گرژییەکان لە ناوچەکە و پابەندبوون بە دیالۆگ و بەهێزکردنی ئاسایش و ئاشتیی هەرێمایەتی.

 

هەر لە دیدارەدا جەختکرایەوە لە پێویستی پاڵپشتیکردنی رێوشوێنەکانی حکومەتی عێراق بۆ پاراستنی نێردە دیبلۆماسییەکان و چەسپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت و سەپاندنی یاسا، ھاوکات ئاماژەشکرا بۆ ئەوەی سەقامگیری عێراق و تێپەڕاندنی قەیرانەکانی ناوچەکە گرنگ و پێویستە بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و هەنگاونان بەرەو رەخساندنی گەشەپێدان و هاریکاری هاوبەش.

 

لەلای خۆیەوە باڵیۆزی ئێران پابەندبوونی وڵاتەکەی بۆ پشتیوانیکردنی سەقامگیری عێراق و پتەوکردنی بەردەوامی پەیوەندی ئابووری و کۆمەڵایەتی نێوان هەردوو وڵات و گەلی دراوسێ دووپاتکردەوە.