گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

داواى دواخستنى دەستپێکردنى پڕۆسەى خوێندن دەکرێت

2020.10.03 - 11:01
داواى دواخستنى دەستپێکردنى پڕۆسەى خوێندن دەکرێت

ناس کورد-

لیژنەى تەندروستیی پەرلەمانى عێراق داواى دواخستنى دەستپێکردنى ساڵى نوێی خوێندن دەکات بۆ ماوەى دوو مانگ، ئەوەش بەهۆی ڕێگری لە زیاتر بڵاوبوونەوەى کۆرۆنا.

 

کەفا فەرحان، ئەندامى لیژنەکە بە ڕۆژنامەى سەباحى نیمچە فەرمى ڕاگەیاندووە، داواکارییەکیان پێشکەشى سەرۆکایەتى پەرلەمان کردووە بۆ دواخستنى ساڵى نوێی خوێندن، بۆ ئەوەى خوێندکاران توشى کۆرۆنا نەبن لەکاتى گەڕانەوەیان بۆ قوتابخانە، داواش دەکات پشت بە خوێندنى ئەلیکترۆنى ببەسترێت.

 

وتیشى، "تێکەڵبوونى خوێندکاران لە قوتابخانە دەبێتە هۆى تووشبونیان بە کۆرۆنا، بەتایبەتى کە ئێستا لە حاڵەتى بڵاوبوونەوەى فراوانى پەتاکەداین و پێویستە ڕێوشوێنى خۆپارێزى بگیرێتەبەر".

 

کەفا فەرحان داواى لە وەزارەتى تەندروستى کرد، سەرجەم پێداویستییە تەندروستی و پزیشکییەکان دابینبکات بۆ سنوردارکردنى بڵاوبوونەوەى پەتاکە، بەتایبەتى کە تا ئێستا هیچ ڤاکسینێک نەگەیشتووەتە عێراق.

 

تائێستا 372 هەزار کەس لە عێراق توشی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیە نۆ هەزار و 298 کەسیان گیانیان لەدەستداوە، هەروەها 299 هەزار و 804 توشبوویان چاکبوونەتەوە.