گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

فراکسیۆنى کۆمەڵ مەرجى هەیە بۆ ئامادەبوون لەدانیشتنى پەرلەمان بە بەشداریی مەسرور بارزانى

2020.10.02 - 18:34
فراکسیۆنى کۆمەڵ مەرجى هەیە بۆ ئامادەبوون لەدانیشتنى پەرلەمان بە بەشداریی مەسرور بارزانى

ناس كورد-

 

عەبدولستار مەجید، سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵ لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، ئەو دانیشتنەی پەرلەمان كە سەرۆكی حكومەتی داوایكردووە ئامادەی بێت بڕیارە رۆژی دووشەممەی داهاتوو بەڕێوەبچێت، ئەگەر رێگە بە گفتوگۆ و پرسیارى تێدا بدرێت بەشدارى دەکەن.

 

عەبدولستار مەجید، ئەمڕۆ هەینی، لە لێدوانێكدا بە ناس كوردی راگەیاند "لەو دانیشتنەی كە بڕیار وایە رۆژی دووشەممە بكرێت بە ئامادەبونی سەرۆكی حكومەتی هەرێم، ئەگەر دەرفەتی قسە و گفتوگۆی تێدا بێت ئێمە بەشداری دەكەین ئەگەر هەر وتاردان بێت ئەوا بە دڵنیایی من لەگەڵ بەشداریكردن لە دانیشتنەكە نیم، هەرچەند دواتر لەو بارەیەوە لە كۆبونەوەی فراكسیۆنی كۆمەڵ بڕیاری كۆتایی دەدەین."

 

لەبارەی ئەوەی ئاگاداركراونەتەوە كە لەدانیشتنەكەدا گفتوگۆ دەبێت یاخود نا، سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵ وتی"بڕیار وایە دانیشتنەكە بۆ گفتوگۆ بێت، واتە پرساندن نییە، بەڵام پرسیاری تێدا دەبێت."

 

عەبدولستار  ئاماژەی بەوەشدا ئەو دانیشتنەی پەرلەمانی كوردستان كە بڕیارە مەسرور بارزانی تێیدا ئامادەبێت جیاوازە لەو دانیشتنی پرساندنەی ئەوان داوایان كردووە، ئەوان بەردەوام دەبن لە هەوڵەکەیان لەو بارەیەوە.

 

لەبارەی ئاكامی یاداشتی پرساندنەكەیانەوە وتی "یاداشتی پرساندنەكەمان پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمان كردووە و پێویستە ئاڕاستەی سەرۆك وەزیران و جێگرەكەی و وەزیری دارایی بكەن لە حكومەت و ئەوانیش لەماوەی پازدە رۆژدا دوای ئەوەی پێیان دەگات وادەی دانیشتن دیاری بكرێت."