ناس کورد-
لەشاری قەڵادزێی سەربە ئیدارەی ڕاپەڕین، بەهۆی دەمەقاڵی شەڕە تەقە لەنێوان دوو برا دروست دەبێت و یەکێکیان ئەوی دیکەیان دەکوژێت و خۆشی بریندار دەبێت، پۆلیسی ڕاپەڕینیش دەڵێت، هەردووکیان پێشمەرگەن و بریندارەکەش برینەکەی سەختە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لەڕاگەیەندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین ڕایگەیاند: "کاتژمێر 7:45 خولەکی ئەمشەو دوو بریندار کە هەردووکیان پێشمەرگەن و بران گەیەندرانە نەخۆشخانەی گشتیی قەڵادزێ و دواتر یەکێکیان کە تەمەنی 29 ساڵە بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانیلەدەستدا."
ئاماژەی بەوەشكردووە، بە وتەی کەسوکاریان، ئەو دوو برایە لە ماڵی خۆیان بەهۆکارێکی نەزانراو دەمەقاڵی لەنێوانیاندا دروست بووە و دواتر بووەتە شەڕیان کە هەردووکیان چەکی جۆری دەمانچە و تاپڕیان بەکار هێناوە و تەقەیان لەیەکتری کردووە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی پۆلیسی ڕاپەڕین، شوێنەواری فیشەک بەسەر جەستەی مردووەکە و شوێنەواری ساچمەش بە سەر جەستەی بریندارەکەوە هەیە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، بەهۆی سەختی برینەکەیەوە بریندارەکە کە تەمەنی 25 ساڵە، بەڕێکرا بۆ سلێمانی و دوای گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی تەرمەکەش ڕادەستی کەسوکاری کراوەتەوە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، دەستیش گیراوە بەسەر هەردوو چەکی بەکارهاتوو، دۆسیەی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە کراوەتەوە و لێکۆڵینەوەش بەردەوامە.