گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان ئەنجامى لێکۆڵینەوە لە هێرشى شاندە دیپلۆماتکارەکان ئاشکرا دەکات

2020.10.01 - 14:27
ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان ئەنجامى لێکۆڵینەوە لە هێرشى شاندە دیپلۆماتکارەکان ئاشکرا دەکات

ناس کورد-

لیوا تەحسین خەفاجى، وتەبێژى فەرماندەى ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانى عێراق ئاشکراى کرد، بەتۆمەتى هێرشى تیرۆریستى بۆ سەر  شاندە دیپلۆماتکارەکان ژمارەیەک کەس دەستگیرکراون و دواى تەواوبوونى لێکۆڵینەوەکان ئەنجامەکەى بۆ ڕاى گشتى ئاشکرا دەکرێن.

 

لەلێدوانەکى ڕۆژنامەوانیدا کە ناس کورد بەدواداچوونى بۆ کردووە، لیوا تەحسین خەفاجى، ئاماژەى بۆ ئەوە کرد بەپێى وتەى عوسمان غانمى وەزیرى ناوخۆى عێراق چەند کەسێک بەتۆمەتى تێوەگلان بەو کارە تیرۆریستیە، کە شاندە دیپلۆماتکارەکانیان کردووەتە ئامانج، دەستگیرکراون.

 

باسى لەوەش کرد، دەستگیرکردنى ئەو کەسانەى کە پەیوەندیان بەو کارە تیرۆریستیە ترسنۆکانانەوە هەیە پەیامێکە بۆ تیرۆریستان کە هەر چەندە بتوانن هەڵبێن بەڵام هەر دەبێت ڕاوەدویان بکرێت لەکونجى زیندانەکانیش بئاخنرێن بۆ ئەوەى سزاى خۆیان وەربگرن.

 

خەفاجى رونیکردەوە، لێکۆڵینەوەکان ئەنجامى گەورە و گرنگى بەدەستهێناوە و دواى تەواوبونیشیان بۆ ڕاى گشتى هاووڵاتیان وردەکارییەکانى ئەو پرسە دەخرێنە ڕوو.

 

ئەوەشى خستووەتە ڕوو، فەرماندەى ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان لایەنێکە سەرپەرشتى هەموو کەرتە ئەمنییەکانى عێراق دەکات بۆیە هەوڵە مەیدانى و هەواڵگرییەکان بۆ ڕاوەدوونانى ئەوانەى پەیوەندییان بەو کارە مەترسیدارەوە هەیە چڕکردووەتەوە و دەستى کردووە بە گەڕان و پشکنین و ئۆپراسیۆن لەبەغدا و میسان و بەسڕە و چەند ناوچەیەکى تر و لەو میانەشدا چەندین چەکى ناکۆنترۆڵکراو بێ مۆڵەت و ئەوانەى بەقاچاخچێتى مادەى بێهۆشکەر و کارى تێکدەرانەوە تێوە گلاون دەستگیر کردووە.

 

خەفاجى ئاماژەى بەوەش کرد، پێشتر سنورەکان لەگەڵ سوریادا کراوەبوون بەڵام ئێستا بەفەرمانى مستەفا کازمیى تاڕادەیەک کۆنترۆڵکراون و کامێراى چاودێرى و هێزى ئەمنی و هەواڵگرى و هەماهەنگى لەگەڵ لایەنى سوریدا هەیە و رێگرى لەکارى قاچاخچێتى و تیرۆریستى و چەندین کارى تێکدەرانەى تر دەکەن دەشیانەوێت لە 100% ئەو دۆخەش کۆنترۆڵ بکەن.