گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ڕونکردنەوەى فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى هەولێر لەبارەى ڕاگرتنى گەشتەکانى 

2020.09.30 - 23:03
ڕونکردنەوەى فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى هەولێر لەبارەى ڕاگرتنى گەشتەکانى 

ناس کورد -

دوای ئەوەی چەند موشەکێك لە نزیک فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر کەوتنە خوارەوە و هەواڵى راگرتنى گەشتەکانى فڕۆکەخانەکە بڵاوکرایەوە، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری  فڕۆکەخانەکە روونکردنەوەیەکى بڵاوکردەوە. 

 

ئەحمەد هوشیار، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر لە لێدوانێکى ڕۆژنامەوانیدا کە ناس کورد بەدواداچوونى بۆ کردووە ڕایگەیاند "هێرشەکە هیچ زیانێکی بە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر نەگەیاندووە، موشەکەکان ئاڕاستەی بنکەی سەربازی هەریر کراون کە هێزەکانی ئەمریکای تێدا جێگیرکراوە".

 

هاوکات محەمەد ساڵح قادری، بەرپرسی پەیوەندییەکانی حیزبی دیموکراتی ئێران لەو بارەیەوە بەمیدیاکانی ڕاگەیاند "یەکێک لەموشەکەکان بەدوری 200 مەتر لە بارەگاکەیان کە دەکەوێتە نزیک فڕۆکەخانەى هەولێری نێودەوڵەتییەوە کەوتووەتە خوارەوە".

 

لای خۆشیەوە هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان  لە سەرڕووداوەکە هات دەنگ ولە تویتێكدا نووسی "ئەمشەو سێ موشەک لە نزیک بنکەی هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ئێران لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کەوتنەخوارەوە، ئەمەش بارگرژییەكی ترە بە مەبەستی تێکدانی ئاسایش لە عێراق و کوردستانی عێراق لەلایەن هەمان ئەو گروپانەی کە هێرشیان کردە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغداد و کاروانەکانیان، دەبێت ئەو كارانە ڕابگیرێن ".

 

سەبارەت بەروداوەکەی ئەمشەو، دژەتیرۆری كوردستان لە ڕاگەیاندراوێكدا ئاماژەی بۆ ئەوەكرد كە "شه‌ش موشه‌ك له‌ ده‌ره‌وه‌ى سنورى هه‌ولێر ئاراسته‌ى فڕۆكه‌خانه‌ى هه‌ولێر كران، به‌ڵام هيچ زيانێكى لێنه‌كه‌وته‌وه‌".

 

ئاماژەی بەوشکرد، "كاتژمێر 8:30ى ئه‌مشه‌و له‌ سنورى گوندى شێخ ئه‌ميره‌وه‌ كه‌ سه‌ر به‌ پارێزگاى نه‌ينه‌وايه‌ له‌لايه‌ن ميليشياكانى حه‌شدى شه‌عبييه‌وه‌ 6 موشه‌ك به‌ ئاراسته‌ى فڕۆكه‌خانەی نێوده‌وڵه‌تیى هه‌ولێر هاوێژران".