ناس کورد-
دوو پەرلەمانتارى گۆڕان راگەیەندراوێکى هاوبەشیان بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەیان بە دەستبەسەرداگرتنى بڕێکى زۆر ئاڵتونیان کرد لە دەروازەى ئیبراهیم خەلیل و جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە لەو بارەیەوە دەستێوەردانى قورس هەیە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
هەریەک لە دابان محەمەد و ئاشنا عەبدوڵا، ئەندامانى پەرلەمانى کوردستان لە فراکسیۆنى گۆڕان لە راگەیەندراوێکى هاوبەشیاندا کە وێنەیەکى دەست ناس کورد کەوتووە ئاماژە بەوە دەکەن "بێ جیاوازی و بە دەیان ڕێگای جیاواز، گەندەڵی و کاری قاچاخی لە سەرجەم دەروازەکان بەردەوامە".
دەشڵێن "لە ئیبراھیم خەلیل دەست بەسەر ١٢.٥ کیلۆ ئالتوندا دەگیرێت، کە ھەوڵدراوە بەڕێگەی قاچاخ ببرێتە دەرەوەی ھەرێم- تورکیا."
بەگوێرەى راگەیەندراوەکە، ئاڵتونەکان ھی کۆمپانیای نورتاشە، سزاکەی زیاتر لە ١ ملیۆن دۆلارە.
جەختیشدەکەنەوە، دەستێوەردان و ھەوڵێکی زۆر ھەیە لەلایەن بەرپرسانی حزبیەوە بۆ پەردەپۆشکردنی ئەم دۆسیەیە.
هۆشدارى ئەوەش دەدەن کە بەرپرسان ئەم کەیسە رەوانەی دادگای لێکۆڵینەوە و گومرگی بکەن و دۆسیەکە رێکاری یاسایی خۆی وەربگرێت، "بەپێچەوانەوە ھەمو ئەو کەس و لایەنانە بەرپرس دەبن کە ناو و زانیاری تەواویان لامانە"