گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئەمریکا سزای بەسەر17 کەسایەتی دیکەی نزیک لە ڕژێمی ئەسەد سەپاند

2020.09.30 - 20:37
ئەمریکا سزای بەسەر17 کەسایەتی دیکەی نزیک لە ڕژێمی ئەسەد سەپاند

ناس کورد-

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، سزاکانی ئەمجارەی وڵاتەکەی بۆ سەر حکومەتی سوریا، 17 لایەن و کەسایەتی مەدەنی و سەربازی نزیک لەڕژێمی ئەسەدی گرتووەتەوە.

 

مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە تویتێکدا ڕایگەیاند"سزاکانی ئەمریکا چەندین کەسایەتی نزیک لە ڕژێمی ئەسەدی گرتووەتەوە، کەپێکهاتوون لە کەسانی سەربازی، حکومی و بزنسکاری گەندەڵ".

 

تویتەکەی پۆمپیۆ، لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ (چوارشەممە، 30ی ئەیلولی 2020)  وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا  لەڕاگەیاندراوێگدا ئاماژەی بەوەکرد "(17) کەسایەتی نزیک لە ڕژێمی ئەسەد خراونەتە ناو ئەو لیستەی کە وەزارەتی دەرەوە ئامادەی کردووە بۆ سەپاندنی سزا بەسەریاندا، ئەوەش لە چوارچێوەی یاسای( سیزەر)دا".

 

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جەختیشکردووەتەوە "سزاکانی سەر بەرپرسانی سوریا کۆتایی پێ نایەت تا ئەو کاتەی کە ڕژێمەکەی ئەسەد دەست هەڵئەگرێت لەچەوساندنەوە و داپڵۆسینی گەلی سوریا و ملکەچی بڕیاری ژمار 2254 ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەبێت".  

 

 لە ماوەی ڕابردوودا وەزارەتی گەنجینەکانی ئەمریکا لەچوارچێوەی یاسای( سیزەر)دا کە لە مانگی حوەزیرانی ڕابردوودا لەلایەن دوناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا واژووی لەسەرکراوە و چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە زیاتر لە (50 ) کەسایەتی ولایەنی نزیک لە ڕژێمی ئەسەد سزایان بەسەردا سەپێنراوە کە بەشێکی زۆریان پەیوەندی ڕاستەوخۆیان بە خودی بەشار ئەسەد، سەرۆکی سوریا وهاوژینەکەی ئەسما ئەسەدەوە هەیە.