گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ناوەڕۆکى کۆبوونەوەى مستەفا كازمى لەگەڵ نوێنەرانى هۆزەکان 

2020.09.30 - 18:59
ناوەڕۆکى کۆبوونەوەى مستەفا كازمى لەگەڵ نوێنەرانى هۆزەکان 

ناس کورد- 

سەرۆكوەزيرانى عێڕاق پێشوازى لە وەفدێكى هۆزەکانى پارێزگاى زيقار كرد و بەڵێنى پێدان سەردانى پارێزگاكە بكات بۆ بەدواداچونى كێشەكانيان و چارەسەركردنى.

 

بەگوێرەى راگەیەندراوێکى نوسينگەى سەرۆكوەزيران، كازمى پێشوازى لە وەفدێكى هۆزەکانى زيقار کرد و باسى بارودۆخى خزمەتگوزارى و ئەمنى پارێزگاكەيان بۆ سەرۆكوەزيران كرد، هەروەها باسيان لەو كێشانەش كردوە كە ڕێگرن لەبەردەم پێشكەشكردنى خزمەتگوزارى بە ڕۆڵەكانى پارێزگاكە.

 

بەگوێرەى راگەیەندراوەکە، لاى خۆيەوە كازمى گوێى لە سەرجەم داواكاريیەكانى وەفدەكە گرتوە و بەڵێنى داوە سەردانى پارێزگاكە بكات بۆ وەستان لەسەر كێشەكان و ڕێگەكانى چارەسەركردنى، جەختیشى كردوەتەوە كە زيقار شايستەى هەموو پشتگيرى و پاڵپشتيەكە و حكومەت پرۆژەى گەورەى هەيە بۆ خزمەتكردنى دانيشتوانەكەى.

 

كازمى هێماى بۆ ئەوەشكردوە، هۆزە ڕەسەنەكانى زيقار درێژكراوەى قوڵاييەكى مێژويين كە پارێزگاكەى پێناسراوە، هەروەها ستايشى قوربانيەكانيشيانى كردوە لە شەڕى دژى داعش و لەپێناو سەقامگيرى عێراق، جەختیشى لە ڕۆڵى هۆزەکان لەسەرجەم ناوچەكانى عێراق كردوەتەوە لە پشتگيريكردنى ڕژێمى كۆمەڵايەتى و پاڵپشتى دەوڵەت لە جێبەجێكردنى ياسا و سەروەرى بەسەر هەمواندا.

 

بەگوێرەى راگەیەندراوەکە، وەفدەكە ستايشى كازميان كردوە بۆ سەركردايەتيەكەى لەم قۆناغە گرنگەى وڵاتدا و جەختیان كردوەتەوە كە سەرجەم عێڕاقيەكان چاويان لە داهاتويەكى باشترە بۆ عێراق و ڕۆڵەكانيان.