گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەرپرسێكی پێشووی یەكێتی كتێبێكی بەڵگەنامەیی لەسەر شەڕی ناوخۆ بڵاو دەكاتەوە

2020.09.30 - 18:05
بەرپرسێكی پێشووی یەكێتی كتێبێكی بەڵگەنامەیی لەسەر شەڕی ناوخۆ بڵاو دەكاتەوە

ناس کورد-

بەرپرسێکى پێشووى یەکێتیى نیشتیمانیى کوردستان کتێبێکى بەڵگەنامەیى لە بارەى شەڕى ناوخۆوە بەناوى (شەڕى ناوخۆى کورد، بۆچى سەریهەڵدا و چۆن گەشەى کرد) بڵاوکردەوە.

 

سەڵاح ڕەشید، وەزیرى پێشووى مافى مرۆڤ کتێبێکى لەبارەى شەڕى ناوخۆ بڵاوکردەوە کە باس لە مێژووى سەرهەڵدانى شەڕى ناوخۆ و گەشەکردنى شەڕەکە دەکات و چاوەڕواندەکرێت ئەم کتێبە لەناوەندە سیاسییەکەدا مشتومڕێکى زۆرى لێ بکەوێتەوە بەتایبەتى کە نووسەرەکەى خاوەنى کتێبى (دیدارى تەمەن)ە کە لە کاتى بڵاوکردنەوەى کتێبەکەیدا مشتومڕێکى زۆرى دروستکرد.

 

بەوتەى سەڵاح ڕەشید کتێبەکەى باس لە (شێوە و جۆرەکانی شەڕی ناوخۆ، مێژوی دێرینی شەڕی ناوخۆ، ناکۆکی و شەڕەکانی نێوان باڵەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ١٩٦١ تا ١٩٧٠، هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ لە نێوان یەکێتی و پارتیدا، شەڕی هەکاری، جەوقەد و جود، شەڕی پشت ئاشان، گفتوگۆی نێوان یەکێتی و رژێمی بەغدا،سەرەتای گرژی نێوان پارتی و یەکێتی، شەڕی نێوان یەکێتی و بزوتنەوەی ئیسلامی، شەڕی نێوان یەکێتی و پارتی و پارتی کرێکاران، شەڕی نێوان پارتی و حسک) دەکات.

 

ئاماژە بەوەش دەکات لەکتێبەکەدا دەیەها نامە و بروسکە، راپۆرت، رونکردنەوە و چاوپێکەوتنی هەمەجۆر و فرە سەرچاوە، دەربارەی هەموولاکانی شەڕی ناوخۆ  لەخۆدەگرێت کە بۆ یەکەمجارە بڵاودەبێتەوە.

 

رونیشیدەکاتەوە کە کتێبەکەى باسی روداوە ناخۆش و دڵتەزێنەرەکانی شەڕی ناخۆ دەکات و جەخت دەکاتەوە "ئەمە لە بەرژەوەندی یان دژایەتی لایەک یان هێزێک نەنوسراوە، هەمو هێزەکان بە پێیی کات و شوێن و قەبارەیان، بەشداربون لەو شەڕانەدا".

 

لەم ساڵانەی دواییدا بڵاوكردنەوەی یادەوەری و بەڵگەنامەكانی سەردەمی "شۆڕشی نوێ" ی كوردی مشتومڕ و هەرای گەورەی سیاسی و میدیایی لێ كەوتووەتەوە، دواترینیشیان بڵاوكردنەوەی "لە بری بیرەوەری" مەلا بەختیارە كە ناڕەزایی توندی گۆڕان و ژمارەیەك بەرپرسی یەكێتی بەدوای خۆیدا هێناوە.