گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ڕاگەیەنراوێک لە حکومەتى هەرێمەوە لەبارەى موچەى فەرمانبەران

2020.09.30 - 15:29
ڕاگەیەنراوێک لە حکومەتى هەرێمەوە لەبارەى موچەى فەرمانبەران

ناس کورد-

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم داوا لە حکومەتی فیدڕاڵی دەکات ھەرچی زووە بەشە بودجەی ھەرێم خەرج بکات تا لە نزیکترین دەرفەتدا لەگەڵ داھاتی ناوخۆی ھەرێم، موچە دابەش بکرێت.

 

لە کۆبوونەوەى ئەمڕۆ چوارشەممەدا، 30ی ئەیلولی 2020، ئەنجومەنی وەزیران پێشنیازی وەزارەتی دارایی و ئابووری پەسەندکرد بۆ زیادکردنی تەمویلی مووچەی داھاتوو بۆ 82٪‏ لە بری 79٪‏ و کەمکردنەوەی ڕێژەی ڕاگرتنی تەمویل لە 21٪ ‏بۆ 18٪‏.

 

لە ڕاگەیەنراوی کۆبوونەوەکەدا هاتووە، "بەداخەوە تا ئێستاش ژمارەی تووشبووان و گیانلەدەستدان بەهۆی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان لە زیادبوونە، بۆیە داوا لە هەموو دامودەزگا و فەرمانگەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم کە پابەند بن بە گشت ڕێکارەکانی خۆپارێزی و ڕێنماییە تەندروستییەکان. لە هەمانکاتدا داوا لە هاووڵاتییانیش دەکەم خۆیان بپارێزن."

 

هەروەها حکومەتى هەرێم "جەختی لە پاراستنی سەقامگیریی دۆخی عێراق و هەروەها گرنگیی پاراستنی ئاسایشی باڵیۆزخانە و نوسینگە و نێردە دیپلۆماسییەکان لە بەغدا کردەوە، چونکە تێکچوونی دۆخی عێراق لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان و هاووڵاتییانی عێراق بە گشتی نییە."

 

هەر بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، "هەر یەک لە ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ و خالید شوانی، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری دانوستان، ڕاپۆرتێکیان دەربارەی دەستپێکردنەوەی دانوستان لەگەڵ حکومەتی فیدرالی سەبارەت بە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان پێشکەش کرد، کە لە لایەن لیژنەی دانوستانەوە ئامادەکرابوو، ئەنجومەنی وەزیران نەخشەڕێگا و پلان و ڕاسپاردە پێشنیارکراوەکانی پەسەندکرد و لیژنەکەشی ڕاسپارد بۆ دەستپێکردنی جێبەجێکردنی و بەردەوامیدان بە ھەوڵەکانی پێشوو لەم دۆسیەدا و سەردانكردنی دەسەڵاتە فیدڕاڵیيەکان لە بەغدا لە نزیکترین دەرفەتدا و کارکردنی جدی بۆ جێبەجێکردنی ماددەی 140ی دەستور، بەو پێیەی بابەتی خاک وئەو ناوچە ناکۆکی لەسەرانە کاری لە پێشینەی ئەم کابینەیە و جێی بایەخ و گرنگیی ھەرێمی کوردستانە و بابەتە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان ھەرێم وبەغدا، تەنیا بریتی نین لە بواری بوودجە و وزە."

 

باسی لەوشکردووە، ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران لە چوارچێوەی ڕاپۆرتێکدا بە ژمارە و داتای پێویست، ڕوونکردنەوەی یاسایی و دارایی دەربارەی مووچە لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان خستەڕوو، تیایدا جەختکرایەوە لەوەی موچە و شایستەی دارایی، بە یاسا چەسپێندراوی موچەخۆرانە و ئەنجومەنی وەزیران، بابەتی دابینکردنی شایستەی دارایی موچەخۆران لە ئەولەویەتی کاری ئەم کابینەیە داناوە."

 

هاوکات "ئەنجومەن داوا لە حکومەتی فیدڕاڵی دەکات ھەرچی زووە بەشە بودجەی ھەرێم خەرج بکات تا لە نزیکترین دەرفەتدا ، لەگەڵ داھاتی ناوخۆی ھەرێم، مووچە دابەش بکرێت، لە ھەمانکاتدا ئەنجومەنی وەزیران پێشنیاری وەزارەتی دارایی و ئابووریشی پەسەندکرد بۆ زیادکردنی تەمویلی مووچەی داھاتوو بۆ 82٪‏ لە بری 79٪‏ و کەمکردنەوەی ڕێژەی ڕاگرتنی تەمویل لە 21٪ ‏بۆ 18٪‏."