ناس كورد-
یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان ڕایگەیاند، بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆیەک لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان بەناونیشانی کارو چالاکیەکانی ماڵی ڕۆشنا و ئاشنا لە کوردستان "کە شتگەلێک لەخۆ دەگرێت و پەردەش لەسەر زۆر شت لادەبا، مەترسی بۆ سەر نەریتی کۆمەڵگەی کوردی و هەستی دینداری و بەهای بەرزی کوردەواری لێ بەدی دەکرێت."
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئەمڕۆ چوارشەممە، 30ی ئەیلولی 2020، یەکێتییەکە لە ڕاگەیەنراوێکدا دەڵێت، ماوەیەکە بەوردی بەدواداچوون بۆ ئەو دۆسیە دەکەن و کاری پێویستی لەو بارەوە کردووە، "بۆ ئەو مەبەستەش سکاڵاو ڕێکاری پێویستی گرتووەتە بەر و لایەنی پەیوەنداری لێ ئاگادار کردووەتەوە."
دەشڵێت، لە نوسراوێکدا کە ئەمڕۆ یەکێتییەکە ئاڕاستەی داواکاری گشتی و لایەنی پەیوەندار کراوە هاتووە، "بەداخەوە لەبەشێکی ئەو سەنتەرو شوێنانەی بەناوی هۆشیاری و وەرزشی جەستەو لەشجوانی و ڕەشاقەو چالاکی دیکە، ئەجێندای ترو بەرنامەی بەلارێدا بردن و دروستکردنی گومان و کەمکردنەوەی بەهای ئەخلاقی و بێشەرمکردنی بەشداربووان جێبەجێ دەکرێت."
هەروەها هاتووە: "لەراستیدا ئەو جۆرە هەوڵانە دەبنە مایەی ترازانی کۆمەڵایەتی و شڵەژانی ئاشتەوایی و سەقامگیری کۆمەڵگەو هەڕەشەن بۆ لایەنی کۆمەڵایەتی و خێزانی، لەهەمان کات پێچەوانەی نەریتی کوردەواری و بنەماکانی شەریعەتی پیرۆزی ئیسلامەو لەگەڵ دەستوری عیراق و یاسا بەرکارەکانی هەرێمی کوردستانیش یەک ناگرێتەوە."
باسی لەوەش کردووە کە "بۆ دڵنیایی و وەک ئەرکێکی ئایینی و پیشەیی و هەستکردن بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر کیان و کۆمەڵگە، یەکێتی زانایان بە وردی کار لەسەر ئەم دۆسیە دەکات، تا دەرەنجامی پێویست لەپێناو نەهێشتنی ئەو جۆرە کارو هەوڵە نەشیاو هەنگاوە تاریکانەو، پاراستنی بەهاو رەوشتی کۆمەڵگەی کوردی بەدەست دێنێت."