گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئەفسەرەکەى عەبدولمەهدیش دەرکرا

کازمی پاراستنى ناوچەى سەوزی دایە دەستی فەرماندەیەکى دەرچووى کۆلێژى سەربازى بەریتانی

2020.09.30 - 14:11
کازمی پاراستنى ناوچەى سەوزی دایە دەستی فەرماندەیەکى دەرچووى کۆلێژى سەربازى بەریتانی

ناس کورد-

کەناڵێکى ئەمریکى ئاشکرای دەکات، یەکێک لە "پاکترین و بەتواناترین" ئەفسەرە پلەباڵاکانى سوپاى عێراق کراوەتە فەرماندەى فیرقەى تایبەت بە پاراستنى ناوچەى سەوز و بەوەش ئەو ناوچەیە ئارامى بەخۆیەوە دەبینیت.

 

سەرچاوەیەکى ئاگادار بە کەناڵى حوڕەى ئەمریکاى ڕاگەیاندووە، لیوا ڕوکن حامید زەهیرى کە دەرچووى کۆلێژى ساندهێرستى بەریتانیە و عەمیدى پێشووى کۆلیژى سەربازییە عێراقى بووە و ئێستا یەکێک لە بەناوبانگترین ئەفسەرەکانى سوپاى عێراق، کراوەتە فەرماندەى تایبەت بە پاراستنى ئاسایشى ناوچەى سەرۆکایەتیەکانى پایتەختى بەغدا.

 

کەناڵە باسى لەوەشکردووە زەهیرى یەکێک لەو ئەفسەرە دیارانەى عێراق کە خاوەنى ناوبانگێکى باشە لەڕووى دەستپاکى و ئاکارەوە و سەرەنجى دەرووبەرەکەى ڕاکیشاوە. 

 

سەرچاوەیەکیش لە فیرقەى تایبەتەوە ڕایگەیاندووە، دوێنێ سێشەممە لیوا زەهیرى دەستى بەکارەکەى کردووە، بەڵام حکومەتى عێراق هەواڵەکەى بەشێوەیەکى فەرمیى ڕانەگەیاندووە.

 

کەناڵەکە باسى لەوەش کردووە، لە ساڵانى ڕابردوودا پۆستى فەرماندەى فیرقەى تایبەت دراوەتە کەسانى حزبى کە سەرۆکایەتى وەزیرانیان بەدەستەوە بووە، پێشتریش عەبدولمەهدى کەسێکى کردووەتە بەرپرسى ئەو فیرقەیە نزیک بووە لە سوپاى پاسدارانەوە.

 

کەناڵەکە ئەوەشى درکاندووە، فەرماندەى پیشووى فیرقەى تایبەت ئاسانکارى بۆ خۆپیشاندەرانى لایەنگرانى ئێران کردووە بچنە سەر باڵیۆزخانەى ئەمریکا بەڵام بەوەرگرتنى ئەو بەرپرسیارێتیە لەلایەن زەهیرییەوە ناوچەکە ئارامى بەخۆیەوە دەبینێت.