ناس کورد-
کۆبوونەوەى ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە هۆڵی کۆبوونەوەکان دەستیپێکرد دوای ئەوەى ماوەیەکی زۆر سەرۆکى حکومەت و وەزیرەکان بە ئۆنلاین و لەڕێگەی ڤیدیۆکۆنفرانسەوە کۆدەبوونەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
وەک لە وێنەی کۆبوونەوەکەى ئەمڕۆ چوارشەممە، 30ی ئەیلولی 2020، دەردەکەوێت، ڕێکارەکانی خۆپارێزی لە بەستنی دەمامک و بوونی دوری نێوانیان جێبەجێکراوە.
خالید شوانی، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری بەغدا لە پەیجی فەرمی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاویکردەوە: " بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران تایبەتە به کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان."
ئاماژەی بەوەشکردووە: "بۆ ئەو مەبەستە و لەسەر بڕیارێکی پێشووتری ئەنجومەنی وەزیران لیژنەیەکی تایبەت پڕۆژەیەکمان بۆ ئەو مەبەستە ئامادە کردووە."
دوێنێ خالید شوانی ئەوەشی خستووەتەڕوو: "کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکانی تر و دانشتووانەکەی ڕوبەڕوی قۆناغێکی دژوار بوونەتەوە و سیاسەتی تەعریب لە ناوچانە جێبەجێ دەکرێت، ڕێگریگرتن لە تەعریب و پاراستنی مافی کوردستانیانی ئەم ناوچانە ئەرکێکی نەتەوەی و نیشتمانیە."
پێشتر مەسرور بارزانی ڕایگەیاند، بەوپەڕی نیگەرانییەوە چاودێری بارودۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەکەن بەتایبەت لە سنوری پارێزگای کەرکوک کە "بەداخەوە سیاسەتی بەعەرەبکردن و گۆڕینی دیمۆگرافی بەشێوەیەکی بەرنامە بۆداڕێژراو لەو ناوچانە بەردەوامە."
زیاتر بخوێنەوە: ڕاگەیەنراوێک لە مەسرور بارزانییەوە.. ’’ئیتر قبوڵی ناکەین’’
هەر دوای ئەوە، وەزارەتى دادى عێراق بڕیارى هەڵوەشاندنەوەى سەرجەم گرێبەستە کشتوکاڵییەکانى دەرکرد کە لە چوارچێوەى سیاسەتى گۆڕینى دیمۆگرافیاى ناوچە کیشەلەسەرەکانى نێوان هەرێم و بەغدا کراوە و هەروەها لەناو پارێزگاکانەوە کراوە کە دەکەونە سنورى ناو کێشەلەسەرەکانەوە.
زیاتر بخوێنەوە: حکومەتى عێراق بڕیارێکی لە بەرژەوەندی کوردی کەرکوک و ناوچە کێشەلەسەرەکان دا