ناس كورد-
به‌هۆی خراپ عه‌مباركردنیانه‌وه، لیژنه هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی ده‌ستی به‌سه‌ر بڕیكی زۆر برنجی جۆراوجۆردا گرت و له‌ناوی ده‌به‌ن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
به‌هار ڕه‌مه‌زان، سه‌رۆكی لیژنه‌ی كۆگاكانی سه‌ربه لیژنه هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی ڕایگه‌یاند: لیژنه‌كه ده‌ستی به‌سه‌ر 74 فه‌رده برنجی جۆراوجۆردا گرتوه كه به‌هۆی خراپ عه‌مباركردنیانه‌وه ئه‌سپێ لێی داوه، به‌ڵام خاوه‌نه‌كانیان به‌نیازبون برنجه‌كان له بازاڕه‌كانی شاری سلێمانی به‌سه‌ر هاوڵاتیاندا ساغ بكه‌نه‌وه.
وتیشی: پێویسته ئه‌و شوێنانه‌ی خوارده‌مه‌نی تێیدا عه‌مبار ده‌كرێت پابه‌ندی مه‌رج و ڕێنماییه‌كانی كاركردن بێت، بۆ ئه‌وه‌ی زیان له بازرگانیی خۆی نه‌دات و كاڵاوشمه‌ك و خوارده‌مه‌نی خراپیش به هاوڵاتیان نه‌فرۆشێت، به‌پێچه‌وانه‌وه له‌لایه‌ن لیژنه هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانیه‌وه روبه‌ڕوی رێكاره یاساییه‌كان ده‌كرێنه‌وه.
سه‌رۆكی لیژنه‌ی كۆگاكان، داوا له هاوڵاتیانی شاری سلێمانی ده‌كات بۆپاراستنی سه‌لامه‌تی خۆتان و منداڵه‌كانتان له‌كاتی هه‌بونی گومان له‌سه‌ر ئه‌و كاڵاوشمه‌ك و خوارده‌مه‌نیانه‌ی ڕۆژانه ده‌یكڕن و به‌كاریده‌هێنن، له‌ڕێگه‌ی ژماره (07708677777) لیژنه هاوبه‌شه‌كان ئاگاداربكه‌نه‌وه.
ئاماژه‌ی بۆئه‌وه‌كرد: به‌فه‌رمانی قائیمقامی سلێمانی ته‌واوی برنجه‌كه له‌لایه‌ن لیژنه‌ی له‌ناوبردنه‌وه له‌ناوچه‌ی تانجه‌رۆی شاری سلێمانی له‌ناوده‌برێت و خاوه‌نه‌كانیشیان روبه‌ڕوی رێكاری یاسایی ده‌كرێنه‌وه.
قائیمقامیه‌تی سلێمانی "له‌ڕێی لیژنه‌ی كۆگاكانه‌وه چاودێری سه‌رجه‌م ئه‌و كاڵاوشمه‌ك و خوارده‌مه‌نیانه‌ی ده‌كات له‌لایه‌ن دوكاندار و بازرگانه‌كانه‌وه رۆژانه ده‌خرێنه بازاڕه‌كانه‌وه و به‌هاوڵاتیان ده‌فرۆشرێت، لیژنه‌كه كۆگاكان به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام سه‌ردانی كۆگاكانی عه‌مباركردن ده‌كات و له‌كاتی هه‌بونی سه‌رپێچی و كه‌موكورتی شوێنه‌كه و خاوه‌نه‌كه‌شی روبه‌ڕوی رێكاری یاسایی ده‌كاته‌وه."