ناس کورد-
بەڕێوەبەرایەتیی کارگێڕی پەرلەمانی کوردستان بەکارهێنانی بەشێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی لە کارمەندانی پەرلەمانی کوردستان قەدەغەکرد و بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پەرلەمانیش دەڵێت، هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کارمەندان کاروبارەکانیان ڕایی بکەن و سەرقاڵی ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییانە نەبن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئەمرۆ سێشەممە، 29ی ئەیلولی 2020، بەڕێوەبەرایەتیی کارگێڕی پەرلەمانی کوردستان بڕیاری دا بە قەدەغەکردنی "بەکارهێنانی سناپچات، تیکتۆک و ئینستاگرام لە کارمەندانی پەرلەمان."
لەوبارەیەوە سامان ئەحمەد، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "بڕیارەکە بڕیارێکی ئاساییە و هەروەک چۆن لە فەرمانگەیەکدا قەدەغەیە کارمەندان لە کۆمپیوتەری فەرمانگەکەدا تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکاربهێنن، ئەو بڕیارەش بەهەمانشێوەیە."
وتیشی: "هۆکاری بڕیارەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە کارمەندان لەکاتی دەوامدا کارەکانیان بەباشی ڕایی بکەن و سەرقاڵی بەکارهێنانی ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییانە نەبن."
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان ڕوونیشیکردەوە، بڕیارەکە تەنها بۆ کاتی دەوامە و کارمەندان ئازادن لەوەی دوای دەوام هەرچییەک دەکەن و ئەوە ژیانی تایبەتییە.
باسی لەوەشکرد، بڕیارەکە پەرلەمانتاران ناگرێتەوە، چونکە ئەوان فەرمانبەر نین و فەرمانبەر نین و تەنها بۆ فەرمانبەرانە.