گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

تاپۆكردنی 700 زەوییەكەی مامۆستایانی زانكۆ خاوەنێكیتری بۆ پەیدا بوو

2020.09.29 - 12:48
تاپۆكردنی 700 زەوییەكەی مامۆستایانی زانكۆ خاوەنێكیتری بۆ پەیدا بوو

ناس کورد-

نوسراوێكی مەڵبەندی رێكخستنی سلێمانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان داوا لە مەكتەبی رێكخستن دەكات كارئاسانی بكرێت بۆ تاپۆكردنی 700 پارچە زەوی لەسەر مامۆستایانی زانكۆ لە رێگای نوێنەرانی سەر بە رێكخستنەكانەوە.

 

ئەم نوسراوە كە لە ڕۆژى (ى20 ئایاری 2020)دا لەسەر داواكاری كۆمیتەی رێكخستنی تایبەت زانكۆ و پەیمانگاكان كراوە و وێنەى گەشتووە بە ناس کورد، پاش دەرچوونی فەرمانی تاپۆكردنی 700 پارچە زەوی مامۆستایانی زانكۆ لە قولەڕەیسی دزەی پێ كراوە كە واژۆی سەرۆكی حكومەتی هەرێم مەسرور بارزانی لەسەرە.

 

لە دوو ڕۆژی رابردوودا هەریەك لە میدیای سەرۆكی حكومەت، نوسینگەی جێگری سەرۆكی حكومەت، پارێزگاری سلێمانی، سەرۆكایەتی زانكۆی سلێمانی لێدوان و راگەیەنراویان لەبارەی ئەو تاپۆكردنە بڵاوكردوەتەوە و بەبەرهەمی بەدواداچوونی خۆیان زانیوە، كۆتا پێشهاتی ئەم دۆسیەش دزەپێكردنی ئەم نوسراوەی مەڵبەندی سلێمانییە.

 

بەگوێرەى فەرمانێك، كە واژۆی مەسرور بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی لەسەرە، بڕیاردراوە بە تاپۆكردنی 700 پارچە زەوی لە پڕۆژەی نیشتەجێبوونی قولەرەیسی بەسەر مامۆستایانی زانكۆی سلێمانی.

 

لە فەرمانەكەی سەرۆكی حكومەتدا هاتووە، تاپۆكردنی ئەو پارچە زەوییانە بەو مەرجە دەبێت كە پێشتر لە وەرگرتنی زەوی و یەكەی نیشتەجێبوون سوودمەند نەبووبن.