ناس کورد-
ئەندامێکى پەرلەمانى کوردستان ڕایگەیاند، دوو ساڵ لەمەوبەر بەڕێوەبەری بەشی چاودێری فرۆشتنی دەرمان لەسەر دۆسیەى ساختەکردنى نوسراوى فەرمى سزاى دورخستنەوەى لەکارى حکومى بۆ دەرکراوە، بەڵام دواتر کراوە بە بەڕێوەبەری کوالێتی کۆنتڕۆڵ.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
کاروان گەزنەیی پەرلەمانتارى فراکسیۆنى یەکێتى لە پەرلەمانى کوردستان لە هەژمارى خۆى لە فەیسبوک نوسیویەتى "لە ساڵی 2018دا دیوانی چاودێری دارایی بە فەرمی دانی بەوە داناوە کە کەسێک بە ناوی (شێروان سادق علی) کە بەڕێوەبەری بەشی چاودێری فرۆشتنی دەرمان بووە، بە تۆمەتی ساختەکردنی نوسراوی فەرمی سزادراوە و دۆسیەکەی چووتە دەستەی دەستپاکی، بەگوێرەی بەدوداچوونی ئێمە سزادانەکەی بریتی بووە لە دورخستنەوەی لە کاری حکومی، بەڵام لە بری دوورخستنەوە، کراوە بە بەڕێوەبەری کوالێتی کۆنتڕۆڵ".
ئاماژەى بەوەشکردووە، "دواتر حەپێکی پانادۆڵییان داخڵکردووە کە بە هیچ شێوەیەک نەچووەتە کوالێتی کۆنتڕۆڵ، بەڵام ستیکەری سەوز، کە ئاماژەیە بۆ ڕێپدانی فرۆشتنی لە کوالێتی کۆنتڕۆڵەوە وەرگرتووە و لە بازاڕەکانی هەرێم بۆ ماوەی (٣) ساڵ فرۆشراوە و هیچ کەسێک سزا نەدراوە لەسەری و زۆربەی خەڵکیش بەکاریان هێناوە".
بەوتەى ئەو پەرلەمانتارە، دواتر کۆمپانیایەکی دیکە، دەرزی هایدرۆ کۆرتیزۆنی داخڵ کردووە کە دوو جار لە تێستی کوالێتی کۆنتڕۆڵ دەرنەچووە، دواتریش ستیکەری سەوزیان بۆ وەرگرتووە و لە بازاڕ فرۆشراوە و بەکار هاتووە؛ "وەزیری تەندروستی ئاگاداری ئەم دەرزیەیە و تا ئێستاش بێدەنگە! هەڵبەت ئەم دوو جۆرە لە دەرمان فرۆشی زۆر بەکاربەری زۆریان هەبووە".
دەشڵێت، لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا بەڵگەکان لەسەر دەرمانە دەگمەنەکانی شێرپەنجە بڵاو دەکەنەوە کە چۆن دێتە کوردستان و چۆن خەڵک تێیدا زەرەرمەند دەبێت.