ناس کورد-
وەزارەتى ڕۆشنبیرى حکومەتى هەرێم پێکهێنانى چەند لیژنەیەکى لاوەکى ڕاگەیاند بۆ بەرزکردنەوەى داواکانى ژمارەى سپاردن بۆ لیژنەى مەرکەزى، لە هەوڵێکدا بۆ دامرکاندنەوەى توڕەیی نوسەرانى ناڕازیی، بەڵام نوسەران جەخت لە داواکەیان بۆ هەڵوەشاندنەوەى بڕیارەکە دەکەنەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
وەزارەتى ڕۆشنبیرى ئەمڕۆ دووشەممە، 28ی ئەیلولی 2020، لە ڕونکردنەوەیەکدا ڕایگەیاند، هیچ نیەتێکى خراپ بۆ بەرتەسككردنەوەی ئازادیی بیروڕا لەپشت بڕیارەکەى ئەمدواییەیەوە نییە و تەنها بۆ رێكخستنەوەی پێدانی ژمارەی سپاردنە.
جەختیشیکردووەتەوە، بریاری پێكهێنانی لیژنەی باڵای پێدانی ژمارەی سپاردن بەسەرۆكایەتیی جێگری بەرێوەبەری گشتیی كتێبخانە گشتییەكان و ئەندامێتی بەرێوەبەری كتێبخانە گشتییەكانی پارێزگاكانی هەولێر و سلێمانی و دهۆك و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان دراوە.
زیاتر بخوێنەوە: بڕیارێکی وەزارەتی ڕۆشنبیری لەنێوان ’’ڕیکخستنەوە و گەڕانەوە بۆ سەردەمی بەعس’’
وەزارەتى ڕۆشنبیرى باسى لەوەکردووە، لەپارێزگاكان لیژنەی لاوەكی دروست دەكرێت بۆ وەرگرتنی داوای ئەو نووسەرانەی داوای ژمارەی سپاردن دەكەن و ناردنی بۆ لیژنەی باڵا لەرێی ئیمەیلەوە.
رونکردنەوەکەى وەزارەتى ڕۆشنبیرى کە لەهەژمارى فەرمى وەزیر لەفەیسبوک بڵاوکراوەتەوە، نوسەرانى ڕازینەکردووە و داوا لە وەزارەت دەکەن بڕیارەکە هەڵبوەشێنێتەوە.
زیاتر بخوێنەوە: دەیان نوسەر ’’بە توڕەییەکی زۆرەوە’’ داوا لە حکومەت دەکەن بڕیارێکی ’’شەرمهێن’’ ڕابگرێت
خالید سلێمان نوسەر لە فەیسبوک سەرنجى خۆى لەسەر رونکردنەوەکە نوسیوە و بە وەزیرى ڕۆشنبیرى دەڵێت "باشترین بڕیار، هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکەی پێشوتانە، چونکە سانترالیزەکردنی بڵاوکردنەوەی کتێب تەنها ئەمانباتەوە سەر نەریتی ڕژێمە تۆتالیتاریەکان. ئێوە مێژویەکتان هەیە لە پێناو لابردن و ڕیشەکێش کردنی کەلەپورو مێژوی ئەو ڕژێمانەدا، بەم بڕیارەتان مێژوەکەی خۆتان دەسڕنەوە".
لاى خۆیەوە، هیوا قادر نوسەر نوسیویەتى "سەرلەبەری ئەم بڕیارە ئەبێ هەڵبوەشێتەوە. رێگرتن لە وەرگێڕانی خراپ و زمانی تەشهیر شێواز و کارکردنی تری ئەوێت. تکایە کارێک مەکەن نووسەر و رۆشنبیرانی کورد لە بەرەیەک بێت و وەزارەتی رۆشنبیریش لە بەرەیەکی تر. ئەم بڕیارە بێ ئەندازە خراپە و لێکەوتەی زۆر خراپی لێ ئەکەوێتەوە".
زیاتر بخوێنەوە: ڕوونکردنەوەیەک سەبارەت بە هەوڵی زیندووکردنەوە و سەپاندنی سانسۆر لەلایەن وەزارەتی ڕۆشنبیریی هەرێمەوە
وەزارەتى ڕۆشنبیرى لە بڕیارە نوێیەکەیدا جەختیکردوەتەوە لەسەر لەبەرچاوگرتنى پێوەرەکانى بەرژەوەندى باڵاى نیشتیمانى و نەتەوەیی و پاراستنى بەها پیرۆزەکان و تێکنەدانى شیرازەى کۆمەڵایەتى، بۆ پێدانى ژمارەى سپاردن بەهەر کتێبێکى نوێ.
دڵشاد عەبدورەحمان وەزیرى پێشوترى پەروەردە بۆ وەزیرى رۆشنبیرى نوسیوە "خۆزگە ئەو فەرمانەت دەرنەدەکرد و ئێستاش خۆزگە ھەر خۆت ھەڵیدەوەشێنیتەوە چونکە ھیچ گرەنتیەک نیە کە بۆئەو مەبەستانەی ووتوتە بەکاربهێنرێت بەڵکو دەرگا لەسەر سانسۆر دەکاتەوە رەنگە لەزەمەنێک کەتۆ لەو پۆستە نەمابیت".