گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

جەواد زەریف لەبارەی سیستانییەوە تویتێکی کرد

2020.09.28 - 14:33
جەواد زەریف لەبارەی سیستانییەوە تویتێکی کرد

ناس کورد-

وەزیرى دەرەوەى ئێران لە بارەى نوسینەکەى ڕۆژنامەى کەیهان کە ڕەخنەى لە مەرجەعى باڵاى شیعەکانى عێراق گرتبوو هاتە دەنگ و رایگەیاند "عەلى سیستانى، قەڵایەکی قایمی عێراق و مایەی ئۆقرەیی ناوچەکە و زەخیرەیەکی بەبەهای هەموو جیهانی ئیسلامییە.

 

محەمەد جەواد زەریف، وەزیرى دەرەوەى ئێران لە میانەى بڵاوکردنەوەى تویتێکدا لە هەژمارى خۆى لە تویتەر ئاماژەى بەوە کرد، سەماحەتى ئایەتوڵڵا عەلى سیستانى، قەڵایەکی قایمی عێراق و مایەی ئۆقرەیی ناوچەکە و زەخیرەیەکی بەبەهای هەموو جیهانی ئیسلامییە.

 

وتیشى "ئێران پێزانینى هەیە بۆ ڕۆڵى بەڕیزیان لە سەقامگیرى و پاراستنى سەروەرى و یەکگرتوویى خاکى عێراق و ڕزگاربوون لە هێزە داگیرکەرەکان و بونیاتنانى عێراقێکى نوێ بەگوێرەى داخوازى گەلەکەى.

 

پێشتریش  لەمیانەى ئەنجامدانى کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا، سەعید خەتیب زادە وتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى ئێران ڕایگەیاند، ئەو کارەى ڕۆژنامەى کەیهان بەرامبەر عەلى سیستانى، مەرجەعى باڵاى شیعەکانى عێراق کردوویەتى هیچ پەیوەندییەکى بەدەسەڵاتدارانى فەرمیى ئێرانەوە نیە. 

 

وتەبێژەکەى وەزارەتى دەرەوەى ئێران جەختى لەسەر ئەوەش کردەوە، ڕۆڵى سیستانى لەعێراقدا هیچ جێگرەوەیەکى نیە و هەروەها پێگەیەکى بەرزى لەنێوان شیعەکانى جیهاندا هەیە. 

 

خەتیب زا جەختى کردەوە، ئەوەى ئەمڕۆ وتویانە و دەیڵێن هەڵوێستیان وەکو پابەندبوون بەئەرکى ئیسلامیەوە ڕێزگرتنێکى گەورەیە بۆ سیستانى و هیچ وتەیەکى دیکەیان نیە و قبوڵیش ناکەن زیان بەپێگەو ڕۆڵەکەى بگەیەنرێت. 

 

نووسینى وتارێک لەلایەن حەسەن شەريعەتمەدارى، بەڕێوەبەرى هەواڵى ڕۆژنامەى کەیهان، کاردانەوەى زۆرى ناوەندى عێراقى لێکەوتەوە کە تیایدا ڕەخنەى لە عەلى سیستانى، مەرجەعى باڵاى شیعەکانى عێراق گرتبوو بەهۆى داواکردنى لە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەرپەرشتیکردنى هەڵبژاردنى داهاتووى عێراق.