گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ڕاپۆرتێكی ئەمەریكی وردەكاری و لێكەوتەكانی داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لەبەغدا ئاشكرا دەكات

2020.09.28 - 13:21
ڕاپۆرتێكی ئەمەریكی وردەكاری و لێكەوتەكانی داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لەبەغدا ئاشكرا دەكات

ناس کورد-

رۆژنامەی واشنتۆن پۆست بڵاویكردەوە، هۆشدارییەكانی ئەمەریكا لەبارەی داخستنی باڵیۆزخانەكەی شۆكی دروستكردوە لە ناو بەرپرسانی عێراق و حكومەتی بەغداش بەهیوایە ئەمەریكا چاو بەبڕیارەكەدا بخشێنێتەوە.

 

رۆژنامە ئەمەریكییەكە لە راپۆرتێكدا كە ئەمڕۆ 28 ئەیلولی 2020 بڵاوكراوەتەوە، لێدوانی ئەحمەد مەلا تەلاڵ، وتەبێژی حكومەتی عێراق لە خۆدەگرێت كە هیواخوازە ئیدارەی ترەمپ چاو بەو بڕیارەدا بگێڕێتەوە و دەڵێت: "داخستنی باڵیۆزخانە پەیامێكی سەلبییەو دەبێتە هاندەری زیاتریان".

 

هەر لەو میانەیەدا واشنتۆن پۆست ئاشكرایكردووە، بڕیارەكەی ئەمەریكا بۆ داخستنی باڵیۆزخانەكەی لە بەغدا ئێوارەی 26ی ئەیلول لە رێگای پۆمپیۆی وەزیری دەرەوەوە بە مستەفا كازمی راگەیەنراوە و لەهەمان كاتدا باڵیۆزخانە رۆژئاواییەكانیتری لێ ئاگادار كراوەتەوە.

 

سەرچاوەیەكی دییلۆماسی ئەوەی بە رۆژنامەكە رایگەیاندووە، چۆڵكردنی باڵیۆزخانەکە ماوەی 90 رۆژ كات دەبات، چونكە گەورەترین پێگەی دیبلۆماسی ئەمەریكایە لە جیهان.

 

لەلای خۆیەوە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا رەتیكردۆتەوە لێدوان لەسەر ناوەڕۆكی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی پۆمپیۆ و مستەفا كازمی بدات، بەڵام بێزاری خۆی نەشاردووەتەوە لە هێرشە موشەكییەكانی دژی باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا و وتویەتی: "مایەی هەڕەشەن بۆسەر سەرجەم باڵیۆزخانەكان و بنكەو بارەگا حكومییەكان و خەڵكی نیشتەجێی ناوچەی سەوز".

 

هاوکات، بەرپرسێكی عێراقی لە نوسینگەی كازمی ئەوەی ئاشكراكردووە كە سەرۆك وەزیران لە ڕێگای وڵاتانی ئەوروپاوە لەهەوڵی پەشیمان كردنەوەی واشنتۆندایە لە بڕیارەكە، لەلای خۆشیانەوە بەرپرسانی سێ باڵیۆزخانەی ئەوروپی دەڵێن، نوێنەرایەتی وڵاتەكانیان لە عێراق دەمێنێتەوە تەنانەت ئەگەر باڵیۆزخانەی ئەمەریكاش بكشێتەوە.