گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

شاندێکى کۆمسیۆنى باڵا سەردانى هەرێمى کوردستان دەکات

وردەکارى ئامادەکارییەکانى عێراق بۆ هەڵبژاردنى پێشوەخت 

2020.09.28 - 12:27
وردەکارى ئامادەکارییەکانى عێراق بۆ هەڵبژاردنى پێشوەخت 

ناس كورد- 

 

کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق ئامادەکارى بۆ هەڵبژاردنى پێشوەخت دەستپێکرد و لەمیانەى گەڕانە مەیدانیەکانیدا شاندێکى کۆمسیۆنەکە سەردانى هەرێمى کوردستانیش دەکات.

 

لەڕاگەیەنراوێکدا کە ئەمڕۆ (دووشەممە،28ى ئەیلولى 2020) کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بڵاوى کردەوە ڕایگەیاند، کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق، چەند هەنگاوێک دەگرنە بەر کە پشت نابەستێت بە یاساى هەڵبژاردنەکان لەوانە کردنەوەى ناوەندەکانى تۆمارکردن بۆ دەستپێکردن بەپڕۆسەى تۆمارى بایۆمەترى و دابەشکردنى کارتى دەنگدانى ئەلیکترۆنى.

 

ئاماژەى بۆ ئەوەش کرد، ژمارەى ئەو دەنگدەرانەى کە لەتۆمارى بایۆمەتریدا تۆمارکراون زیاتر لە 15 ملیۆنى تێپەڕاندووە لەکۆى 26 ملیۆن دەنگدەر.

 

بەگوێرەى راگەیەندراوەکەى کۆمسیۆن شاندێک کە لەسەرۆکى بازنەى هەڵبژاردنەکان و ژمارەیەک لەئەندامانى کۆمسیارانى نوسینگەکانى هەڵبژاردنەکانى هەرێم پێکدێن سەردانى شارەکان دەکەن بەمەبەستى تاوتوێکردنى قۆناغەکانى ئامادە کارى و هەماهەنگى لەگەڵ ناوەندەکانى تۆمارکردنى سەر بەکۆمسیۆن.

 

روونیشکراوەتەوە، لەمیانەى سەردان و بەسەرکردنەوەى نوسینگە و ناوەندەکانى شارەکاندا چاویان بەو فەرمانبەرانە دەکەوێت کە گرێبەست بوون و دوورخراونەتەوە ئەوەش بەمەبەستى چارەسەرکردنى کێشەکانیان و گەڕانەوەیان بەشێوەیەکى یاسایى.



لەبارەى هەرێمى کوردستانیشەوە کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق ئەوەى خستووەتە ڕوو، هەماهەنگى لەگەڵ دامەزراوە حکومیەکانى هەرێمى کوردستاندا دەکرێت و کۆبونەوەیەک لەنێوان شاندى کۆمسیۆن و وەزارەتى بازرگانى هەرێم بەڕێوە دەچێت بەمەبەستى زانینى تواناى وەزارەت لەپاڵپشتیکردنى نوسینگەکانى کۆمسیۆن لەهەرێم و دابینکردنى کەرەستە پێویستە ئەلیکترۆنى و لۆجستیەکان.