گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وەزارەتى دارایى عێراق راگەیەندراوێکى بەپەلەى لەبارەى مووچەوە بڵاوکردەوە

2020.09.28 - 11:22
وەزارەتى دارایى عێراق راگەیەندراوێکى بەپەلەى لەبارەى مووچەوە بڵاوکردەوە

ناس کورد-

وەزارەتى دارایى عێراق راگەیەندراوێکى لەبارەى مووچەى فەرمانبەران و خانەنشینان و سودمەندانى چاودێرى کۆمەڵایەتى بڵاوکردەوە و جەختى لەسەر ئەوە کردەوە کە پابەندن بە گرەنتیکردنیان.

 

لە راگەیەندراوەکەى وەزارەتى دارایى عێراقدا ئاماژە بەوە کراوە، وەزارەتى دارایى عێراق جەخت لەسەر پابەندبوونى خۆى بە دابینکردنى مووچەى فەرمانبەران و خانەنشینان و سودمەندانى چاودێرى کۆمەڵایەتى دەکاتەوە.

 

بەگوێرەى راگەیەندراوەکە، وەزارەتى ناوبراو دڵنیایى ئەوە دەداتە هاووڵاتیان کە وەزارەت بەوپەڕى تواناوە لە هەوڵى گرەنتیکردنى شایستە داراییەکانە لە کاتى دیاریکراوى خۆیدا و لەپێشینەیان دابینکردنى مووچەى فەرمانبەرانى دەوڵەت و خانەنشینان و سودمەندانى چاودێرى کۆمەڵایەتى.

 

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە بەهۆى دابەزینى نرخى نەوت و پەتاى کۆرۆناوە قەیرانى دارایى و کەمى سیولە ڕوویکردۆتە حکومەت.

 

جەختیش لەسەر  ئەوە کراوەتەوە، وەزارەتى دارایى لە ئێستادا کار لەسەر ئامادەکردنى نەخشەڕێگەیەکى تایبەت دەکات بۆ خەرجکردنى شایستە داراییە بنەڕەتییەکانى سێ مانگى داهاتووى ئەمساڵ و بەمزووانە نەخشەڕێگاکە دەخرێتە بەردەم پەرلەمان و هەر کات پەسەندکرا دەتوانین گرەنتى مووچە و شایستە داراییەکان بە تەواوەتى بکەین.