ناس کورد-
لە گوندێکی سنوری قەزای شارەزور نارنجۆکێک بە ئۆتۆمبێلێکدا تەقییەوە و بەهۆیەوە هاووڵاتییەکى عەرەب برینداربوو، قائیمقامی قەزاکەش دەڵێت، پێدەچێت کەسێک بۆمبەکەی بۆ دانابێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ڕزگار غەفور، قائیمقامی قەزای شارەزور بەناس کوردی ڕاگەیاند: "سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، لە گوندی قەرەگۆل نارنجۆکێک بە ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییەکى عەرەبدا تەقیوەتەوە و بەهۆیەوە لەقاچیدا توشی برینداری بووە".
وتیشی: "هاووڵاتییەکە ویستویەتی ئۆتۆمبێلەکەی بباتە دەرەوە لەماڵ کاتێک چووەتە دەرەوە نارنجۆکەکە پێیدا تەقیوەتەوە".
قائیمقامی شارەزور ئاماژەی بەوەشكرد، تاوەکو ئێستا نازانن کێ ئەو کارەی کردووە و هۆکاری ڕووداوەکەش چییە، دۆسییەکە دراوەتە ئاسایش و لێکۆڵینەوە لەڕووداوەکە دەستیپێکردووە.