گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ڕاپۆرتێكی لەندەنی مشتومڕی فوئاد حسێن و ڕۆحانی ئاشكرا دەكات 

2020.09.28 - 10:06
ڕاپۆرتێكی لەندەنی مشتومڕی فوئاد حسێن و ڕۆحانی ئاشكرا دەكات 

ناس کورد-

رۆژنامەی ئەلعەرەب بڵاویكردەوە كە فوئاد حسێنی وەزیری دەرەوەی عێراق پەیامێكی نیگەرانی و هۆشداریدانی لە بەرهەم ساڵح و مستەفا كازمییەوە گەیاندووە بە رۆحانی و جەواد زەریف لەبارەی هەستیاری كاردانەوەكانی ئەمەریكا بەرامبەر هێرشەكانی سەر باڵیۆزخانەكەی.

 

رۆژنامەی ئەلعەرەبی چاپی لەندەن لە راپۆرتێكدا كە لە ژمارەی ئەمڕۆ (دووشەممە، 28ى ئەیلولی 2020)دا بڵاویكردۆتەوە لەبارەی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی فوئاد حسێن و حەسەن ڕۆحانی، ئاماژەی بەوەكردووە سەرۆك كۆماری ئێران وتوویەتی "یەكڕیزی شیعە لەسەروو هەموو شتێكەوەیە بۆ ئێران پاشان لێكگەیشتنی نێوان پێكهاتە سەرەكییەكانی عێراق"، ئەمەش یەكەمجارە لە گوتاری فەرمی و دیبلۆماسی ئێراندا زمانی ئاخاوتن دابەزێت بۆ ئاستی تایفەو پێكهاتە لەكاتێكدا جاران جەختكردنەوە بووە لە یەكڕیزی گشتی عێراقییەكان.

 

بەپێی زانیارییەكانی ئەلعەرەب كە لەشاندی عێراقەوە وەرگیراون رۆحانی وتوشیەتی ئێران دەرپەڕاندنی ئەمەریكاییەكان لە هەموو جێگایەك بەئەركی خۆی دەزانێت و هی ئەو دەوڵەتانەی تێیدا بڵاوبوونەتەوە.

 

بەرامبەر بەمەش فوئاد حسێن پەیامێكی سەرۆككۆمار و سەرۆكوەزیرانی عێراقی گەیاندووە كە نیگەرانییە لەئەگەری پەنابردنی ئەمەریكا بۆ جێبەجێكردنی هەڕەشەكانی لە داخستنی باڵیۆزخانە و پاشان بەئامانجكردنی گروپە چەندارەكانی شیعەی نزیك لە ئێران لە رێگەی هێرشی ئاسمانییەوە.

 

هەروەها فوئاد حسێن ڕادەی مەترسییەكان و ئاڵۆسكاویی دۆخی ئەمدواییەی بە ئێرانییەكان راگەیاندووە لە ئەنجامی بەردەوامی هێرشە موشەكییەكان بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریكا.

 

لەم میانەیەشدا، ئەحمەد سەحاف، وتەبێژی فەرمی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئەمرۆ (28ى ئەیلولی 2020)، ئاشكرایكرد كە فوئاد حسێن پەیامێكی زارەكی لە سەرۆكوەزیرانی عێراقەوە گەیاندووە بە سەرۆككۆماری ئێران لەبارەی دۆخی ناوچەكە و پێداچوونەوە بە ئەگەر و پێشهاتەكان و لێكەوتە چاوەڕوانكراوەكانیان.

 

بەقسەی سەحاف گفتوگۆكان زیاتر تایبەت بوون بە پرسە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان عێراق و ئێران.

 

پەیامەکەى کازمى بۆ ئێران لە کاتێکدایە کە هەر دوێنێ (یەکشەممە) ميدياكانى ئەمەریكا لەوانەش واشنتۆن پۆست و CNN ئەوەیان ئاشكرا كردووە کە مایك پۆمپیۆ لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا لەگەڵ بەرهەم ساڵح، سەرۆككۆماری عێراق پەیامێكی هەڕەشەئامێزی بۆ میلیشیا شیعەكانی عێراق ناردووە ئەگەر بەردەوام بن لە هێرشی موشەكی بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریكا و ناوەڕۆكی پەیامەكەش چوار خاڵی سەرەكی لەخۆی گرتووە كە بریتین لە:
 
یەکەم: داخستنی باڵیۆزخانەى ئەمریکا لە بەغدا ئەگەر هاتوو هەر هێزێکی ئەمریکی یان هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ڕوبەڕوی هێرش ببنەوە. بەپێی راپۆرتە رۆژنامەوانییەكانیش لەوانەش (أخبار الخلیج) بەرهەم ساڵح پەیامەکەى گەیاندووە بە میلیشیاکان و وتوویەتی، بڕیاری داخستنی باڵیۆزخانە ئامادەیە و چاوەڕێی واژۆیەکی ترەمپ دەکات، ئەگەر ئەوەش ڕووبدات واتە عێراق دەبێتە دەوڵەتێکی دژە ئەمریکا.
 
وتوشیەتی، لەو کاتەدا 12 وڵاتی تر باڵێۆزخانەکانیان دادەخەن، واتە عێراق دەبێتە وڵاتێکی داخراو.
دووەم: بەئامانجكردنی سەرکردە شیعییەکان و فەرماندەکانی گروپە چەکدارییەکان هاوشێوەی لەناوبردنی قاسم سولەیمانی و مەهدی موهەندیس.
 
سێیەم: ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی ورد و چڕ بۆسەر پێگە و بارەگاکانی گروپە چەکدارەکان و بەردەوامیش دەبێت تاوەکو هەڵوەشاندنەوەى ئەو گروپانە و کوژران و هەڵهاتنی فەرماندەکانیان.
 
چوارەم: وشککردنی سەرچاوەی دارایی تۆمارکراوی ئەو سیاسییانەى کە تێوەگلاون یاخود پەیوەندییان هەیە لەگەڵ ئەو میلیشیایانەى کە شوێنە دیبلۆماسی و ئەمنییەکانی ئەمریکایان کردووەتە ئامانج.