گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانى عێراق: هەماهەنگى لەگەڵ پێشمەرگە بەردەوامە

2020.09.28 - 08:55
ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانى عێراق: هەماهەنگى لەگەڵ پێشمەرگە بەردەوامە

ناس کورد-

فەرماندەیی ئۆپڕاسیۆنە هاوبەشەکانى عێراق ڕایگەیاند، هەڵمەتى ریشەکێشکردنى پاشماوەکانى رێکخراوى داعش بە هەماهەنگى لەگەڵ هێزەکانى پێشمەرگە بەردەوامە.

 

لیوا تەحسین خەفاجى، وتەبێژ بەناوى فەرماندەیی ئۆپڕاسیۆنە هاوبەشەکانى عێراق بە میدیاى فەرمى عێراقى ڕاگەیاندووە "هەماهەنگى لەگەڵ هێزەکانى پێشمەرگە بەردەوامە، لە رێگەى پەیوەندى و دیدارى فەرماندەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەى داعش".

 

وتیشى "زانیارییەکان لەگەڵ پێشمەرگە ئاڵوگۆڕ دەکەین لەپێناو رێگریکردن لە تیرۆریستان تا کاریگەرى لەسەر ئاسایش و سەلامەتى هاوڵاتیان دروست نەکەن".

 

هەردوو وەزارەتى پێشمەرگە و بەرگرى عێراق لە تەموزى ئەمساڵدا بڕیاریاندا هەماهەنگى نێوانیان دەستپێبکەنەوە، لەرێگەى دروستکردنى شەش سەنتەرى هەماهەنگى هاوبەش لە ناوچە جێناکۆکەکان، ڕێککەوتن بەمەبەستى پاراستنى ئاسایش و سەقامگیریی ئەو ناوچانە دواى هێرشەکانى ئەم دواییەى داعش، بەڵام هێشتا سەنتەرەکان دەستبەکارنەبوون.

 

پێشتر لیوا قارەمان کەمال، جێگری سەرۆكی ئەركان بۆ ئۆپراسیۆنەكان لە وەزارەتی پێشمەرگە بە ناس کوردى ڕاگەیاندبوو، هەردوولا ڕەزامەندن لەسەر شوێنى سەنتەرەکان لە هەولێر، بەغدا، موسڵ، مەخمور، دیالە، بەڵام لەسەر شوێنى سەنتەرەکە لە کەرکوک ناکۆکن.  

  

رونیشیکردبووەوە "ئێمە پێشنیازمانکردووە سەنتەرەکە لەناو کەرکوک بێت، بەڵام ئەوان بەوە ڕازى نین، چاوەڕوانى کۆبوونەوەى داهاتووین بۆ یەکلاکردنەوەى ئەو پرسە".  

    

سەنتەرەکانى هەماهەنگى هاوبەش کە لەلایەن ژمارەیەک ئەفسەرى پێشمەرگە و سوپاوە بەڕێوەدەبرێن ئەگەر دەستبەرکاربن، دەبنە یەکەم هەماهەنگى سەربازى بەغدا و هەرێم لەدواى رووداوەکانى 16ى ئۆکتۆبەرى ساڵى 2017 ەوە کە بەهۆیەوە سەرجەم پەیوەندییەکانیان پچڕان.