ناس کورد-
وتەبێژێک بەناوی وەزارەتی دەرەوەى ئەمریکا ڕایگەیاند، پێشتر واشنتن بە ڕوونی ئەوەى وتووە کە چەند گروپێکی چەکداری پشتیوانیکراو لەلایەن ئێرانەوە موشەک ئاڕاستەى باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا دەکەن و "بوونەتە مەترسی جدی لەسەر حکومەتی عێراق و نێردە دیبلۆماسییەکانی دراوسێ،" ئەوەش لە وەڵامی پرسیارێک لەبارەى دەنگۆی داخستی باڵێۆزخانەکەیان لە عێراق.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
یەکێک لە وتەبێژەکانی وەزارەتی دەرەوەى ئەمریکا لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی "الحرة"ی ئەمریکی ڕەتی کردووەتەوە قسە لەسەر ئەو هەواڵ و دەنگۆیانە بکات و وتوویەتی، "لەسەر گفتوگۆ دیبلۆماسییە تایبەتەکانی وەزیر لەگەڵ بەرپرسانی دەرەوە قسە ناکەین."
وتەبێژەکە بە مەرجی بڵاونەکرنەوەى ناوەکەى ئاشکرایکردووە، "پێشتر ئەوەمان ڕوونکردووەتەوە کە گروپە چەکدارییەکانی نزیک لە ئێران و ئاڕاستەکردنی موشەک بۆسەر باڵێۆزخانەکەمان مەترسییەکی جدییە نەک تەنها لەسەر ئێمە، بەڵکو بۆسەر حکومەتی عێراق و نێردە دیبلۆماسییەکان و ناوچەکە بە گشتی."
دەشڵێت، "لە کاتێکدا ئەمریکا کار دەکات بۆ بەردەوامی پاڵپشتی دارایی عێراق لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و دەستەبەرکردنی کۆمپانیا جیاجیاکانی کەرتی تایبەت، بەڵام بوونی میلیشیا بە یاساییکراو و نزیکەکانی ئێران گەورەترین ڕێگرییە بۆ وەبەرهێنانی زیاتر لە عێراق."
ئەوەش دوای ئەوە هات ئەمشەو چەند میدیایەکی عێراقی باسیان لەوەکرد کە ئەمریکا هەڕەشەکەى بۆ داخستنی باڵیۆزخانەکەى لە بەغدا کردووەتە جدی و بڕیارە سبەینێ بڕیاری لەسەر بدات، هەروەها باس لەوەشکرا کە ماسیۆ تۆلەر، باڵیۆزی ئەمریکا بەغدای بەرەو هەولێر بەجێهێشتووە، بەڵام هیچکام لەو زانیارییانە لەلایەن هیچ سەرچاوەیەکی عێراقی و ئەمریکی پشتڕاست نەکراوەتەوە.
ڕۆژنامەیەكی بەحرەینی لەزاری چەند سەرچاوەیەكی نزیك لە سەرۆككۆماری عێراقەوە ناوەڕۆكی چوار هەڕەشەی ئاشكراكرد كە مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەى ئەمریکا وەك پەیام بۆ میلیشیا شیعەكانی عێراقی ناردووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 27ی ئەیلولی 2020، ڕۆژنامەی (أخبار الخلیج) كە زمانحاڵی دەوڵەتی بەحرەینە لە ڕاپۆرتێكدا ئەوەی ئاشكرا كردووە کە مایك پۆمپیۆ لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا لەگەڵ بەرهەم ساڵح، سەرۆككۆماری عێراق پەیامێكی هەڕەشەئامێزی بۆ میلیشیا شیعەكانی عێراق ناردووە ئەگەر بەردەوام بن لە هێرشی موشەكی بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریكا و ناوەڕۆكی پەیامەكەش چوار خاڵی سەرەكی لەخۆی گرتووە كە بریتین لە:
یەکەم: داخستنی باڵیۆزخانەى ئەمریکا لە بەغدا ئەگەر هاتوو هەر هێزێکی ئەمریکی یان هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ڕوبەڕوی هێرش ببنەوە.
دەشڵێت، بەرهەم ساڵح پەیامەکەى گەیاندووە بە میلیشیاکان و وتوویەتی، بڕیاری داخستنی باڵیۆزخانە ئامادەیە و چاوەڕێی واژۆیەکی ترەمپ دەکات، ئەگەر ئەوەش ڕووبدات واتە عێراق دەبێتە دەوڵەتێکی دژە ئەمریکا.
وتوشیەتی، لەو کاتەدا 12 وڵاتی تر باڵێۆزخانەکانیان دادەخەن، واتە عێراق دەبێتە وڵاتێکی داخراو.
زیاتر بخوێنەوە: داخستنی باڵیۆزخانە و هێرشی ئاسمانی ئەگەرەكانی ’’شەڕی ئۆكتۆبەرن’’ لە عێراق
دووەم: پێکان و سەرکردە شیعییەکان و فەرماندەکانی گروپە چەکدارییەکان هاوشێوەی لەناوبردنی قاسم سولەیمانی و مەهدی موهەندیس.
سێیەم: ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی ورد و چڕ بۆسەر پێگە و بارەگاکانی گروپە چەکدارەکان و بەردەوامیش دەبێت تاوەکو هەڵوەشاندنەوەى ئەو گروپانە و کوژران و هەڵهاتنی فەرماندەکانیان.
چوارەم: وشککردنی پارەی تۆمارکراوی ئەو سیاسییانەى کە تێوەگلاون یاخود پەیوەندییان هەیە لەگەڵ ئەو میلیشیایانەى کە شوێنە دیبلۆماسی و ئەمنییەکانی ئەمریکایان کردووەتە ئامانج.