گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

214 پاڵاوگەى نایاسایی لە هەرێم هەن

کێ لە پشت پاڵاوگە نایاساییەکانى هەرێمە؟

2019.04.30 - 15:07
App store icon Play store icon Play store icon
کێ لە پشت پاڵاوگە نایاساییەکانى هەرێمە؟

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس کورد- پشتیوان جەلال بە بڕیارێکى ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان بۆ پاڵپشتى لیژنەکانى لابردنى پاڵاوگە نایاساییەکان هێزێکى هاوبەشى تایبەت دروستکراوە، بۆ ئەوەى تەواوى پاڵاوگە نایاساییەکانى هەرێم دابخرێن، ئەوەش پاش ئەوە دێت کە ساڵانێکە بەشێک لە پەرلەمانتاران و ڕێکخراوەکانى ژینگە داواى لابردنیان دەکەن. . ئەندامێکى پەرلەمانى کوردستان ڕایدەگەیەنێت کە حکومەت مامەڵەى لەگەڵ ئەو پاڵاوگە نایاساییانە کردووە، کە بوونەتە هۆى تێکدانى ژینگەى هەرێم. . لە لایەکى دیکەوە ئەندامێکى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراقیش ئاشکراى دەکات ئەو پاڵاوگانە شوێنى ساغکردنەوەى "نەوتى خاوى دزراو" بوونە. . . ژمارەى پاڵاوگە نایاساییەکانى هەرێم چەندن؟ . لە ئاستى هەرێمى کوردستان ژمارەى ئەو پاڵاوگە نایاساییانەى هەن، لە سەروى 200 پاڵاوگەن، لەو ڕێژەیە زۆرترینیان لە سنورى پارێزگاى هەولێر و سلێمانین. . شێرکۆ جەودەت ئەندامى پەرلەمانى کوردستان لە لێدوانێکى تایبەتیدا بە ناس کورد-ى ڕاگەیاند: "بەگوێرەى زانیارییەکانى ئێمە ژمارەى پاڵاوگەکانى هەرێمى کوردستان 214 پاڵاوگەى نایاسایین، ئەوترێت هەندێکى داخراوە بەڵام من بڕوام بەوە نییە، هەروەها لە هەرێمى کوردستان دوو پاڵاوگەى یاسایی هەن، ئەوانیش کەڵەک و بازیانن". . لە بارەى کارى ئەو لیژنەیەى بە بڕیارى ئەنجومەنى وەزیران دامەزراوە بۆ لابردنى ئەو پاڵاوگانە، شێرکۆ جەودەت وتى، ئاگادارى کارى ئەو لیژنەیە نییە، چونکە تازە دەستبەکاربوون، ئەگەر بزانن کارەکانیان باش بەڕێوە ناچێت، ئەوا هەڵوێستیان دەبێت. .     . لەلایەکى دیکەوە ڕێکەوت زەکى سەرۆکى لیژنەى پیشەسازى وزەى ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى، بە ناس کورد-ى ڕاگەیاند: "تەنها لە سنورى سلێمانى نزیکەى 40 پاڵاوگەى نایاسایی هەن، ئێستاش کارى ئەو لیژنەیە بەردەوامە، بەڵام نازانین چەند پاڵاوگەیان لابردووە چونکە لایەنى جێبەجێکار ئەو کارە دەکات". . ڕێکەوت زەکى وتیشى: "لە سنورى سلێمانى یەک پالاوگە هەیە کە مۆڵەتى وەزارەتى سامانە سروشتییەکانى هەیە ئەویش ئەکەوێتە بازیانەوە، ئیتر ئەوانى دیکە بە تایبەت ئەوانەى تانجەرۆ هەمویان لادەبرێن". . نافز مستەفا سەرۆکى لیژنەى سامانە سروشتییەکان و پیشەسازى لە ئەنجومەنى پارێزگاى هەولێر لە بارەى ژمارەى پاڵاوگە نایاساییەکانى سنورى هەولێرەوە بۆ ناس کورد وتى، پێش چوار سال ئەوان ڕاپۆرتێکیان بڵاوکردۆتەوە لەسەر پاڵاوگە نایاساییەکان، کە ژمارەیان 120 پاڵاوگە بووە، دەشڵێت، ئێستاش لەو بڕوایەدان پاڵاوگە نایاساییەکانى هەولێر نزیکبن لەو ژمارەیەوە. .       . کارى پاڵاوگە نایاساییەکان چی بووە؟ چۆن نەوتى خاویان دەستکەوتووە؟ بە گوێرەى بەدواداچوونەکانى ناس کورد بۆ ئەو پرسە، دەرکەوتووە، پاڵاوگە نایاساییەکان شوێنى ساغکردنەوەى نەوتى خاو بوون، زۆرجاریش ئەو بانزینە کوالیتییە خراپەى لە بانزینخانەکاندا هەبووە لەو پاڵاوگانەوە لە ئەنجامى تێکەڵکردنى بانزینى باش بە ماددەى دیکەوە بەرهەمهێندراون. . د.غالب محەمەد ئەندامى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق کە پێشتر سەرۆکى لیژنەى پیشەسازى وزەى ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى بووە، بە ناس کوردى ڕاگەیاند، کە لە ساڵى 2015 کە وەک سەرۆکى لیژنەى پیشەسازى وزەى ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى دەستبەکار بووە، یەکەم کارى پێدانى زانیارى ورد و تەواو بووە لەسەر پاڵاوگە نایاساییەکانى سلێمانى، بە وەزارەتى سامانە سروشتییەکان، بەڵام دەڵێت وەزارەتەکە وەڵامیان نەداوەتەوە. . لە بارەى کارى ئەو پاڵاوگانە د.غالب محەمەد وتى: "ئەو پاڵاوگە نایاساییانە شوێنى ساغکردنەوەى نەوتى خاون، چونکە ئەو نەوتە پارە ناکات پێویستى بە گۆڕینە بۆ ماددەى دیکە، بەتایبەت شوێنى ساغکردنەوەى ئەو نەوتانەیە کە لە عێراق دەدزرێت، کارێکى دیکەى ئەو پاڵاوگانە ئەوەیە لەوێ بەنزین و سوتەمەنى دیکە تێکەڵ دەکرێت و نەفتاو و ماددەى دیکەى لێدروستدەکرێت". . هاوکات شێرکۆ جەودەت لە بارەى دابینکرنى پێداویستییەکانى ئەو پاڵاوگانە وتى: "حکومەت مامەڵەى لەگەڵ ئەو پاڵاوگانە کردووە، بەشێکى ئەو نەوتە ڕەشەى پێویستیان بووە حکومەت بۆى دابین کردوون، بەشەکەى دیکەشی لە بازاڕ کڕیویانە". . "پێشتر ساڵانە بە بڕى 3 ملیار دۆلار گازوایل لەوان دەکڕدرا و دەدرا بە وێستگەکانى بەرهەمهێنانى کارەبا، ئەوان بۆ ئەم مامەڵانە دەستڕۆشتووى خۆیان بەکار هێناوە"، د.شێرکۆ جەودەت. .     . کێ لە پشت ئەو پاڵاوگانەوەیە؟ زۆر جار پەرلەمانتاران و ڕێکخراوەکانى ژینگە باس لەوە دەکەن بەرپرسان لە پشت ئەو پاڵاوگانەن بۆیە حکومەت نەیتوانیوە دایانبخات. . نافز مستەفا سەرۆکى لیژنەى سامانە سروشتییەکان و پیشەسازى لە ئەنجومەنى پارێزگاى هەولێر وتى: "بە دڵنیاییەوە کەسانى دەستڕۆشتوو و بەرپرس لە پشت ئەو پاڵاوگانەوەن، بەڵام ئەو لیژنەیەى ئێستا دروستبووە، هێزێکى قانونى باشى لەپشتە و لەو بڕوایەداین کارەکانیان باش بڕوات، ئەگەر نا ئێمە چاودێر دەبین و هەڵوێستمان دەبێت". . وێراى ئەوەى ئەو پاڵاوگانە هەڵگرى ناوێکى نایاسایینن بەوەى بە پاڵاوگەى نایاسایی ناودەبرێن، بەڵام شوێن و کارى ئەو پاڵاوگانە ئاشکرایە و حکومەت تا ئێستا نەیتوانیوە دایانبخات، د.غالب محەمەد ئەندامى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق پێی سەیرە لیژنەیەکى ئاوا گەورە بۆ ئەو پرسە دروستکراوە دەڵێت: "پێویست ناکات لیژنەیەکى وا دروستبکرێت من سەیرم لێدێت، بە تەنها ئاسایشى سلێمانى دەتوانێت پارێزگاى سلێمانى پاکبکاتەوە لەو پاڵاوگە نایاساییانە و بە شۆفڵ تەختیان بکات". . "بوونى ئەو پاڵاوگانە و کارەکانیان لە قازانجى مافیاکانە، خۆشمان دەزانین لە هەرێم واتە بەرپرسی لە پشتە، من بە نوسراو داوامکردووە لە وەزارەتى نەوتى عێراق لێکۆڵینەوە بکات بۆ ئەو نەوتانەى دەدزرێت و بەتایبەت دەبرێنە پاڵاوگە نایاساییەکانى هەرێم"، د.غالب محەمەد واى وت. . شێرکۆ جەودەتیش لە لایەکى دیکەوە وتى: "کۆتایی حکومەتى کاربەڕێکەرى ئێستایا و ناشکرێت لەوە بەدوا چەند دەستڕۆشتوویەک ژینگە و تەندروستى خەڵک تێکبدەن لەبەر بەرژەوەندى خۆیان، کە ئەوەش تا ئێستا گەندەڵییەکى گەورە بووە". . پێشتر سێ مانگ مۆڵەت درابوو بە پاڵاوگە نایاساییەکان بۆ ئەوەى دابخرێن، پاش تەواو بوونى ئەو ماوەیە ئێستا هێزێکى هاوبەشى تایبەت بۆ پارێزگاکانى هەولێر و سلێمانى و دهۆک پێکهێندراون، بۆ لابردنى ئەو پاڵاوگانە. . ئەنجومەنى پارێزگاى هەولێر و سلێمانى و پەرلەمانى کوردستانیش، کۆکن لەسەر داخستنى ئەو پاڵاوگانە و دەڵێن گەر بێت و کارى ئەو لیژنانە بە باشى بەڕێوە نەچێت ئەوا هەڵوێستیان ئەبێت. .