گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

مالیكى لەسەر هێرشكردنە سەر سيستانى لەلايەن ڕۆژنامەيەكى ئێرانيەوە هاتە دەنگ

2020.09.27 - 21:59
مالیكى لەسەر هێرشكردنە سەر سيستانى لەلايەن ڕۆژنامەيەكى ئێرانيەوە هاتە دەنگ

ناس کورد-

نورى مالیكى سەرکۆنەى هێرشكردنە سەر عەلى سيستانى مەرجەعى باڵاى ئاينى شیعەکانى عێراق دەكات لەلايەن ڕۆژنامەى "كەيهان"ى ئێرانييەوە و دەڵێت "بە توندى ئەو هێرشانە ڕەتدەكەینەوە". 

 

نورى مالیكى،  ئەميندارى گشتى حزبى دەعوەى ئيسلامى راگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەى بەوە کرد، ئايەتوڵڵا عەلى سيستانى تا ئێستاش سەمامى ئەمانى عێراقە بۆ پاراستنى پڕۆسەى سياسى، هەروەها بەرپەرچدانەوەى لە خراپترين بارودۆخەكاندا و ڕێزى گەلى عێڕاق و پێكهاتەكانى هەيە.

 

ڕونيشيكردوەتەوە، بە توندى ئەوە ڕەتدەكەينەوە كە لە ڕۆژنامەى "كەيهان"دا هاتوە كە وتارێكە ڕەخنە لە سيستانى دەگرێت بەهۆى پێشوازيكردن لە خاتو جنين بلاسخارت نێردەى تايبەتى نەتەوە يەكگرتوكان لە عێڕاق.

 

مالكى هێماى بۆ ئەوەشكردوە، ئەوە سوكايەتيكردنە بە هەموو عێراقيەكان و لەسەر ڕۆژنامەكە پێويستە ئەو هەڵوێستە خراپە چاكبكاتەوە كە بەهەمان شێوە پێچەوانەى هەڵوێستى كۆمارى ئيسلامى ئێران و ڕێزگرتنيەتى لە سيستانى.

 

پێشتر حەسەن شەريعەتمەدارى بەڕێوەبەرى هەواڵى ڕۆژنامەى "كەيهان"ى سەربە نوسينگەى عەلى خامنەيى و نوێنەرى ناوبراو لە وتارێكدا كە لە ڕۆژنامەكە بڵاويكردبوەوە بەهۆى داواكردنى لە نەتەوە يەكگرتوەكان بۆ سەرپەرشتيكردنى هەڵبژاردنى داهاتوى عێراق هێرشى كردبوە سەر سيستانى و نوسيبوى "داواكارى سيستانى لە نەتەوە يەكگرتوەكان بۆ ئەوەى سەرپەرشتى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق بكەن هێنانە خوارەوەى پێگە و ناو و ناوبانگى خۆيەتى".

 

ئاماژەى بەوەشدابوو، هەڵەتان كرد لە داواكردن لە نوێنەرى نەتەوە يەكگرتووەكان.. كێشە نييە، بەڵام ئێستا بگەڕێرەوە و ئەوە چاك بكەرەوە و بڵێ كە تۆ شتى لەو جۆرەت نەوتووە.

 

شەريعەتمەدارى ئەوەشى ڕونكردبوەوە، داواكارى لە نەتەوە يەكگرتووەكان بۆ سەرپەرشتیكردنى هەڵبژاردن بۆ ئەوەى گرەنتى پاك و بێگەرتى بكرێت واتاى ڕاگەياندنى "مايەپوچپبونى سياسييە".

 

هێماى بۆ ئەوەشكردبوو، ئەو داواكارييە لەگەڵ پێگە بەرزەكەى سيستانى ناگونجێت، نەتەوە يەكگرتوەكان پێويستى بە پشتگيرى سيستانييە بۆ سەلماندنى تواناى بۆ سەرپەرشتیكردنى هەڵبژاردن، دوەميش ئەو داواكاريە لەگەڵ پێگەى عێراق وەك دەوڵەتێكى سەربەخۆ ناگونجێت.

 

بەڕێوەبەرى هەواڵى ڕۆژنامەى "كەيهان" وتارەكەى بەوە كۆتايى پێهێنابوو، بڕواى تەواوم هەيە بە بونى هەڵەيەك لە ڕاپۆرتى يەكتربينينى سيستانى و بلاسخارت و نوسينگەكەى وردبينى لەبەرچاو نەگرتوە، داواش لە نوسينگەى سيستانى دەكات كە ڕاپۆرتەكە ڕاستبكاتەوە".