گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

گێڕانەوەی عەفرین بەشێك دەبێت لە گفتوگۆكانمان سەبارەت بە ناوچەی ئارام

مەزڵوم كۆبانی: توركیا ڕێگری سەرەكییە لە دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ناوچەكە

2019.04.30 - 14:36
App store icon Play store icon Play store icon
مەزڵوم كۆبانی: توركیا ڕێگری سەرەكییە لە دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ناوچەكە

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس كورد–فوئاد عەبدوڵا فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات ئاماژە بەوە دەكات "توركیا تاكە ڕێگری سەرەكییە لەبەردەم هەر چارەسەرێك بۆ دۆخی سوریا، بەردەوام هەوڵ بۆ داگیركردنی سوریا و پاڵپشتیكردنی بەردەوامی گروپە تیرۆریستییەكان، دەدات". . لەمیانەی چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی "بەیان"ی ئیماڕاتی، مەزڵوم كۆبانی فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات، رایگەیاند "توركیا بناغەی كاری تێكدەرانەی لە سوریا بنیاتناوە لە دوای قۆناغی كرانەوە لە پەیوەندییە دوو قۆڵییەكانی لەگەڵ سوریادا". . ئاماژەی بەوەش كرد، بابەتی گەیشتن بە چارەسەرێكی یەكجاری بۆ كێشەی سوریا تەنها پەیوەندی بە سورییەكانەوە هەیە، و ئەوان هەمیشە هەوڵیانداوە و باوەڕیان بە پرەنسیپی سوری–سوری هەبووە وەك بنەمایەكی سەرەكی بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ هەموو كێشەكانی سوریا بە كێشەی ناوچەكانی باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریاشەوە. . روونیشیكردەوە، تائێستا حكومەتی دیمەشق لەوە تێنەگەیشتووە كە ناوچەكانی باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا تایبەتمەندی خۆی هەیە و لەو بارەیەوە پێشنیاری زۆریان خستۆتە بەردەم حكومەتی سوریا بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێكی گشتگیر بۆ ئەو خۆسەرییەی لە ناوچەكەدا بوونی هەیە، لەگەڵ تایبەتمەندی هێزەكانی سوریای دیموكرات لەو ناوچانە. . هەرچی پەیوەندی بەو قسانەوە هەیە كە دەوترێت كاریگەری ئەمریكا لە ناوچەكەدا ڕێگرە لە دانیشتن و دیالۆك لە نێوان حكومەتی دیمەشق و سوریای دیموكرات، مەزڵوم كۆبانی وتی"ڕۆڵێكی لاوەكییە، و كاریگەرییەكی ئەوتۆی نییە، و بژاردە سیاسیەكانی پێكهاتەكانی باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا هەمیشە نەكەوتۆتە ژێر ئیرادە و كاریگەری هێزە دەرەكییەكان. نەخشەی دەستێوەردانەكان سەبارەت بە هەڵوێستی ئەو وڵاتانەی دەستوەر دەدەنە ململانێیەكانی سوریا، مەزڵوم كۆبانی فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات بۆ ڕۆژنامە ئیماراتییەكە وتوویەتی "هاوپەیمانانی ڕژێمی دیمەشق بەرژەوەندی درێژخایەنیان هەیە لە سوریا، و بەهەموو شێوەیەك هەوڵدەدەن پارێزگاری لەو بەرژەوەندییانە بكەن جا بە هەر ڕێگایەك بێت. . بەڵام بە بۆچوونی ئێمە توركیا ئەو لەمپەرەیە كە ناهێڵێت هیچ چارەسەرێك سەربگرێت، بە تایبەت ئەوانەی پەیوەندی بە ناوچەكانی باكوری ڕۆژهەڵاتەوە هەیە. . هاوكات فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات، دووپاتیكردەوە، توركیا لە چەند ڕێگەیەكەوە دەیەوێت هەماهەنگی لەگەڵ دیمەشقدا بكات و پەیوەندی لەگەڵدا ببەستێتەوە، بەڵام لە دژی گەلی سوریا لە ناوچەكانی باكور و ڕۆژهەڵاتدا، و چەند جارێك بەئاشكرا ئەوەی ڕاگەیاندووە كە دەیەوێت ڕێككەوتنی ئەمنی و سەربازی "ئەدەنە"زیندوو بكاتەوە كە ناوەڕۆكەكەی ڕێگەدانە بە هێزە سەربازییەكانی توركیا بێنە ناو خاكی سوریاوە هەر كاتێك بیانەوێت. . بەڵام ئێمە دەڵێین: باشكردنەوەی پەیوەندییەكان لەسەر بنەمای لەناوبردنی پێكهاتەی كورد لە سوریا و بەپێی رێككەوتنی "ئەدەنە" هیچ سودێك بە رژێمی دیمەشق ناگەیەنێت لە داهاتوودا تەنها ئەوە نەبێت ڕێگەدانە بەپێی یاسا بە داگیركردنی خاكی سوریا لە لایەن توركیاوە و بەهێزكردنی گروپە تیرۆریستییەكانە لە سوریادا. . ئەو فەرماندە سەربازییەی سوریای دیموكرات روونیكردەوە، ئەو سەردەمەی توركیا ناوی دەبات بە كرانەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ سوریادا دەگەڕێتەوە بۆ ئەو كاتەی "بەشار ئەسەد" سەرۆكی سوریا دەسەڵاتی گرتە دەست و رێككەوتنەكەش تەنها بۆ لەناوبردنی گەلی كورد بوو لە سوریا، و لەو كاتەدا توركیا شانەی نوستووی خۆی لە سوریا جێگیر كرد و پلانی تێكدانی سوریای داڕشت، و پاڵپشتی چەند پڕۆژەیەكی ئابوری دیاریكراوی كرد لە سوریا كە تەنها قازانجی بۆ توركیا هەبوو و لەدژی بەرژەوەندی گەلانی سوریا بوو، هیواخوازین حكومەتی دیمەشق ئەو هەڵەیە دووبارە نەكاتەوە. . مەزڵوم كۆبانی جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە دەستێوەردان لە كاروباری سوریا شتێكی نهێنی نییە، هەموو لایەنەكان بە ئاشكرا كار دەكەن، ئێران پڕۆژەی خۆی هەیە پلان و هەماهەنگ و جێبەجێكردنی لەگەڵ ڕژێمی دیمەشقدا دادەڕێژێ بە باكور و ڕۆژهەڵاتیشەوە، توركیا بە ئاشكرا و لەسەر زاری "رەجەب تەیب ئەردۆگان"ی سەرۆكی توركیا ئاماژە بەوە دەكات كە ناكشێنەوە لەو شوێنانەی كە داگیریان كردوە لە سوریا، بەڵكو لەوە زیاتریان دەوێت و هەوڵی داگیركردنی ناوچەكانی ڕۆژهەڵاتی فورات و مینبج دەدەن، بەبیانوی پارێزگاریكردن لە ئاسایشی نیشتمانی توركیا و هەموو هەوڵەكانیان بۆ ئەو ئامانجە لە ئێستادا چڕكردۆتەوە. . ناوچەی ئارام ئەوەی پەیوەندی بەپڕۆژەی ناوچە ئارامەكەی دوناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكاوە هەیە، فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات ئاماژەی بەوە كرد، پێشتر وتوومانە ئێمە بەوە ڕازی نابین كە ناوچەیەكی ئارام بەسەرپەرشتی نێودەوڵەتی دروست بكرێت بۆ پارێزگاریكردن لە ئاسایش و ئارامی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی فورات و گفتوگۆكان بەردەوامە لەگەڵ هەموو لایەنەكاندا بۆ گەیشتن بە ڕێگا چارەیەك خزمەت بەو پڕۆژەیە بكات، هەمیشە ئەوەمان دووپات كردۆتەوە كەنابێت توركیا دەستوەرداتە ئەو ناوچە ئارامە لە خاكی سوریا، و نابێت بە یاسا ڕێگا بە توركیا بدرێت بێتە خاكی سوریاوە، ئەوەشمان لەبیر نەچێت ئێمە ئەوەمان لەبەرچاو گرتووە و تێدەگەین كە داخوازی توركیا پاراستنی سنورەكەیەتی لەگەڵ سوریا، بەڵام لە كۆتایدا لەگەڵ توركیا ناگەینە ئەنجام تا كێشەی عەفرین چارەسەر نەبێت. . روونیشیكردەوە، تا عەفرین نەگەڕێتەوە باوەشی خەڵكەكەی خۆی باسی هیچ بەرەوپێشچونێكی سیاسی و ئارامی لە ناوچەكانی ڕۆژهەڵات و باكوری سوریا ناكەین، و عەفرین پرسی سەرەكیمانە، و دەبێت دانیشتوانە ڕەسەنەكەی بگەڕێنەوە زێدی خۆیان و لەلایەن هێزێكی نێودەوڵەتییەوە پارێزگاریان لێوە بكرێت، گێڕانەوەی ماڵ و موڵكە دزراوەكانیان، و هەڵوەشانەوەی ئەو گۆڕانكارییە دیمۆگرافییەی بەسەر عەفریندا جێبەجێكرا و بگەڕێتەوە بارودۆخی سروشتی خۆی، ئەو كات باس لەدروستكردنی ناوچەیەكی ئارام دەكەین و گفتوگۆی لەبارەوە دەكەین.