ناس کورد-
راپۆرتێكی پەیمانگای واشنتۆن بۆ سیاسەتەكانی رۆژهەڵاتی نزیك باس لەوە دەكات، هەڕەشەی واشنتۆن بۆ داخستنی باڵیۆزخانەكەی لەبەغدا جێگەی مەترسییە و لەبەری ئەوەش باشترە ئەمەریكا لەگەڵ حكومەتی كازمی كاریتر بكات.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
راپۆرتەكە كە مایك نایتس، توێژەری پێشكەوتووی پەیمانگای واشنتۆن بۆ سیاسەتەكانی رۆژهەڵاتی نزیك، ئامادەی كردووە و ناس كورد ئەمڕۆ 27ی ئەیلولی 2020، خوێندنەوەی بۆ كردووە، باس لەوە دەكات، پاساوەكان هەرچی بن؛ ئەوە هەڕەشەی داخستنی باڵیۆزخانەی بەغدا خەونی میلیشیاكان بەدیدەهێنێت و سەركەوتنێكی ئەفسانەیی دەبێت بۆ تاران، جگە لەوەش ئەگەر هەیە وەك كشانەوەی 2011ی ئۆباما بێت كە بووە هۆی سەرهەڵدانی داعش، بەدوای ئەوەشدا زۆر هێزیتری رۆژئاوایی دەكشێنەوە و گۆڕەپان بۆ ئێران و ڕوسیا و چین چۆڵ دەبێت.
لەبری داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمەریكا، راپۆرتەكەی پەیمانگای واشنتۆن پێشنیازی ئەوە دەكات، ئەمەریكا لەگەڵ حكومەتی مستەفا كازمی كاربكات بۆ داخستنی ناوچەی نێودەوڵەتی "سەوز" بەشێوەی كاتی و هەنگاویتری پێویست لە فڕۆكەخانەی بەغدا و رێگەی فڕۆكەخانە بگرێتە بەر بۆ پاراستنی باڵیۆزخانە.
پەیمانگای واشنتۆن باس لەوەش دەكات، باڵەخانەی باڵیۆزخانە بەرگری ئەم جۆرە هێرشانەی تێدایە كە دەكرێت بخرێنەگەڕ، لەرێگای هەواڵگریشەوە شوناسی هێرشبەران دیاری بكرێت و عێراق پەرچەكرداری خێرای هەبێت بۆ هێرشەكان.
راپۆرتەكە هانی ئەمەریكا دەدات لەگەڵ عێراق هەنگاو بنێن بۆ پاككردنەوەی ناوچەی سەوز لە میلیشیاكان و واشنتۆن پشتیوانی كازمی بكات و وڵاتانیتری خاوەن بەرژەوەندی لەم پێگە گرنگە و سەرجەم لیست و فراكسیۆنە كوردی و عەرەبی و شیعەو سوننە میانڕەوەكان هاوكاربن لەمەدا.