گه‌ڕان

Shadow Shadow

چەند بارە بازنەی ھەڵبژاردن

2020.09.26 - 22:13

لەتیف مستەفا

ھەموو کوتلەو پەرلەمانتارانی کورد بە بێ جیاوازی و بە کۆی دەنگ دژی فرەبازنەیین بۆ ھەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران، تا ئێستا ھیچ دەنگێکمان نەبیستوە پالپشتی خۆی بۆ فرربازنەیی تەواو ڕابگەیەنێت.

 

ئەوەی سەیرە خۆیان بە ئۆپۆزسێۆنی یەکێتی و پارتی دەزانن و تەنانەت ھەموو بەشداریەکیش لەدەسەڵات رەت دەکەنەوەو شەوڕۆژ وەک ئۆپۆزسێۆنی دەنگی دەنگیان دێت ،کەچی لەبەغدا ئاو دەکەنە ئاوی ئاشی پارتی و یەکێتی و دەسەڵاتەکەیان.

 

بیانویان بۆ رەتکردنەوەی فرەبازنەیی دوو شتە :

 

یەکەم: گوایا لەقازانجی پارتی و یەکێتیە، کەچی خودی پارتی و یەکێتی دژی فرەبازنەیین ، باشە ئەگەر لەقازانجی یەکێتی و پارتیە ئەوان بۆ دژی وەستاون؟ نازانم ئەم مەتەڵە چۆن ھەڵدەھێنرێ؟.

 

دووەم: یان دەڵێن لەناوچەی جێناکۆک لەبەرژەوەندی کورد نیە ، کە ئەمە بیانویەکی پوچ و بەتاڵە، چونکە تا ئێستا بەرژەوەندی کوردبریتی بوەلە بەرژەوەندی یەکێتی و پارتی لەو ناوچانە، کە ئەوانیش لە١٧ ساڵی رابردودا جگە لە زیان بۆ خەلکی ناوچە جێناکۆکەکان و سودی حیزبی خۆیان ھیچیان نەکردوە بۆیان، ئەو قسەیەش درۆیەکی زلە کە گوایا دژی بەرژەوەندی کوردە، چونکە ئەو قسەیە بۆ عەرەب و تورکمانیش راستە، ئەگەر لە بازنەیەک دژی کاندیدێکی کورد بێ لە چەندین بازنەی تر لە قازانجیەتی، ئەوەش دەکەوێتە سەر ئەو کاندیدانەی لەو بازنانە کاندید دەکرێن، دەشێ خەلکی کورد ھەبێ عەرەبیش دەنگی بداتێ، لە ھەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٤ دكتۆر نەجمەدین لەناو حەویجە وابزانم ١٦ ھەزار دەنگی ھێنابوو.

 

ئەم سیستەمە لە دوور مەودادا لە قازانجی دیموکراتیەو دژی ئەم شێوازە خێڵەکیەی حیزبیە لە کوردستان و دەبێتە ھۆی کەمکردنەوەی بارگرژی نەتەوەیی و مەزھەبی  و زیان گەیاندن بەبازاری بازرگانە دینی و قەومەچیەکان کە لەو جۆرە ئاوەدا راوی خۆیان دەکەن، بەڵێ لەقازانجی حیزبە گەورەکانە بەڵام ناچاریان دەکات شێوازی خۆیان بگۆڕن وبەدوای خەلکی باشدا بگەڕێن لە جیاتی کادێرو کۆیلەی حیزبی.

 

بۆیە چیتر لە میدیاوە شیڕە شیڕ مەکەن و خۆتان بەدژی دەسەلاتی پارتی و یەکێتی پیشان مەدەن و لە ژێرەوەش لەکاتی دەنگدان لەسەر یاساکان برەو بدەنەوە بەم مۆدێلە ناشیرینەی دەسەلات.

 

بڕیارە رۆژی سێشەم دەنگ لەسەر پرۆژە یاساکە بدرێ ئەگەر دوانەخرێ ،ئەو کات قولی ڕەش لە بواری دەنگداندا زیاتر دەردەکەوێ.