گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بانكى ناوەندی: پارە بۆ دابەشكردنى موچە ئامادەيە

2020.09.26 - 21:53
بانكى ناوەندی: پارە بۆ دابەشكردنى موچە ئامادەيە

ناس کورد-

بانكى ناوەندیى عێڕاقى تەئكيد دەكاتەوە كە ئامادەيە بۆ وەرگرتنى ئاماژەى خەرجكردنى موچەى مانگى ئەيلولى فەرمانبەران و خانەنشينان لەو پارەيەى لە هەژماری وەزارەتى داراييدايە.

 

ئەمڕۆ شەممە 26ی ئەیلولی 2020، بانكى ناوەندى لە بڵاوكراوەيەكدا ڕايگەياندووە: "تەئكيد دەكەینەوە كە ئامادەيى تەواومان هەیە بۆ وەرگرتنى ئاماژە بۆ خەرجكردنى موچەى مانگى ئەيلولى فەرمانبەران و خانەنشينان." 

 

ڕونيشيكردووەتەوە، ئەوەش لەو پارەيەى كە لە هەژماری وەزارەتى داراييدا هەيە لە بانكى ناوەندى، لەئێستاشدا هيچ كێشەيەكى هونەريى و تەكنيكى نييە كە ڕێگربێت لەبەردەم ئەوەدا.

 

موچەى مانگى ئەيلولى فەرمانبەران و خانەنشينانى عێراق دواكەوت و ئەوەش نيگەرانى لێكەوتووەتەوە، تەنانەت دەنگۆى لێپرسينەوە لە مستەفا كازمى، سەرۆكى وەزيران هاتووەتە ئاراوە بەهۆى دواكەوتنيەوە.

 

دواکەوتنی موچەی فەرمانبەرانی عێراق کاریگەری لەسەر موچەی ئەم مانگەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمیش دروستکردووە، بەوپێیەی هەرکات حکومەتی ناوەندی دەستی بەدابەشکردنی موچە کرد ئەوکات 320 ملیار دینارەکەی هەرێمی کوردستانیش دەنێرێت. 

 

بڵاوبوونەوەى ڤايرۆسى كۆرۆنا و دابەزينى بەرچاوى نرخى نەوت كێشەى گەورەى بۆ حكومەتى عێراق دروستكرد، بەتايبەتى لە دابينكردنى موچەدا و بۆ پڕكردنەوەى ئەوەش پەناى بۆ قەرزى ناوخۆيى و دەرەكى بردووە.