گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

تەندروستیی عێراق هۆکاری کەمبوونەوەی گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا بۆ ناس کورد ئاشكرادەکات

2020.09.26 - 20:41
تەندروستیی عێراق هۆکاری کەمبوونەوەی گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا بۆ ناس کورد ئاشكرادەکات

ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق هۆکاری بەرزبوونەوەی ڕێژەی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای لەعێراق ئاشکرایکرد و دەشڵێت، ڕێژەی گیانلەدەستدان بە ڤایرۆسەکە کەمبووەتەوە بۆ %1 و %90ی توشبووانیش نیشانەیان نییە.

 

ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ژمارەی توشبووانی کۆرۆنا لەعێراق زیاد دەکات و ڕۆژانە زیاتر لە سێ هەزار بۆ چوار هەزار  توشبووی نوێ تۆماردەکرێن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەی مردن بە ڤایرۆسەکە کەمیکردووە. 

 

ئەمڕۆ شەممە 26ی ئەیلولی 2020، سەیف بەدر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ناس کوردی ڕایگەیاند: "لە ئێستادا توانای وەزارەتی تەندروستیی عێراق لە دیارکردنی توشبووانی ڤایرۆسەکە بەراورد بەچەند مانگێک لەمەوبەر گەیشتووەتە ئاستێکی زۆر بەرز، لەسەرەتای بڵاوبوونەوەی پەتاکەدا عێراق تەنها یەک تاقیگەی تایبەت بە شیکاری ڤایرۆسەکە هەبوو، بەڵام لە ئێستادا وەزارەتی تەندروستیی 50 تاقیگەی تایبەتی بە دیارکردنی نەخۆشییەکە هەیە و ڕۆژانە ژمارەیەکی زۆر زیاتر لە پێشووتر پشکنین دەکەین".

 

جەختیشکردەوە: "نەبوونی متمانەی هاووڵاتیان بە دەزگا تەندروستییەکان، بەهۆی پڕوپاگەندی هەندێ لایەن و کەسانی نابەرپرسیار، هۆکارێکی دیکە بەرزبوونەوەی ڕێژەی توشبوونە بە نەخۆشییەکە، چونکە ئەو پڕوپاگەندانە وایکردووە هاووڵاتیان ڕوو نەکەنە نەخۆشخانەکان و لە کاتی توشبوونیانیش  خۆیان دەدزنەوە و ئاگاداری لایەنە تەندروستییەکان ناکەنەوە".

 

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق ئەوەشی  نەیشاردەوە: " پابەندنەبوونی هاووڵاتیان بە ڕێنماییە تەندروستییەکان وپێشێلکردنی ڕێکارەکانی بەرگرتن لە نەخۆشییەکە  وایکردووە  ڕێژەی توشبوون بە ڤایرۆسەکە بەرزبێتەوە ئاستێکی پێوانەی ببڕێت ،هاووڵاتیان بەهیچ شێوەیەک خۆیان بەدورناگرن لەجەنجاڵی و گردبوونەوەکان".

 

زیادبوونی ژمارەی توشبووان لەکاتێکدایە، بەراورد بە پێشووتر ڕیژەی گیانلەدەستدان کەمیکردووە و ڕیژەی چاکبوونەوەش بەرزبووەتەوە بۆ %80. 

 

بەوتەی سیف بەدر: "لە 90% توشبووانی ڤایرۆسەکە لەعێراق حاڵەتەکانیان سەخت نییەو نیشانەکانی ڤایرۆسەکە بەسوکی  ڕەنگدانەوەی هەیە لەسەر تەندروستیان".

 

 ئاماژەی بەوەشکرد: "ڕێژەی مردن بە نەخۆشییەکە لە عێراق لە  ئێستادا بەڕێژەیەکی زۆر کەمبووەتەوە بەجۆرێک دابەزیوە بۆ %1، ئەوەش ڕێژەیەش  زۆر کەمترە لە تێکرای ڕێژەی  مردن بەڤایرۆسەکەلە جیهاندا".

 

لەبارەی بەکارهێنانی دەرمانی Favipiravir کە ئێستا کۆمپانیای (ئاوامێدیکا) لە هەرێمی کوردستان بەرهەمی دەهێنێت و لە نەخۆشخانەکانی عێراق بەکاردەهێنرێت، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق وتی: "  ئەو دەرمانە پێشتریش لەعێراقدا هەر هەبووە و بەکارهێنراوە، لەئێستادا دەرمانەکە لە لایەن وەزارەتی تەندروستیی عێراقەوە ڕێگەی پێدراوە جارێکی دیکە دروستبکرێتەوە".

 

وتیشی: "ئەوەگرنگ نییە چ کۆمپانیایەک دەرمانەکە دروست دەکات، گرنگە ئەوەیە کە دەبێت بە پێی ئەو تایبەتمدنییە و پێوەرانە دروست بکرێت کە وەزارەتی تەندروستی داوایکردووە، لەئێستادا ئەو دەرمانە بەشێکە لەپڕۆتۆکۆلی چارەسەرکردنی توشبووانی نەخۆشییەکە و ئاکامی باشی هەیە".  

 

کەمبوونەوەی ژمارەی گیانلەدەستدان بە ڤایرۆسەکە و زیادبوونی ڕیژەی چاکبوونەوە لەعێراق، لەکاتێکدایە لەهەرێمی کوردستان لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی توشبوواندا، ژمارەی گیانلەدەستدانیش بەرزبووەتەوە. 

 

 لە ئێستادا بە گوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستیی عێراق نزیکەی  343 هەزار و کەس تووشی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش 274 هەزارو  کەس چاکبوونەتەوە و زیاتر لە هەشت هەزار توشبووش گیانیان لەدەستداوە.