گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پێشنیار دەکرێت لەبری دابەشکردنی بەشەخۆراک حکومەت پارە بە هاووڵاتیان بدات

2020.09.26 - 19:00
پێشنیار دەکرێت لەبری دابەشکردنی بەشەخۆراک حکومەت پارە بە هاووڵاتیان بدات

ناس کورد-

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق، پێشنیار دەکات لەبری ئەو بەشەخۆراکەی کە حکومەت لەڕێگەی بریکارەکانەوە دابەشیدەکات بەسەرهاووڵاتیاندا، بکرێت بەپارە، دەشڵێت، سەرباری ئەوەی حکومەت لیژنەیەکی بۆ قڵاچۆکردنی گەندەڵی پێکهێناوە، بەڵام ئەو پرسە لەلایەن لیژنەکەوە بایەخی پێنەدراوە.

 

ئەمڕۆ شەممە 26ی ئەیلولی 2020، غایب عمێری، پەرلەمانتاری کوتلەی سائرۆنی سەربە موقتەدا سەدر لە پەرلەمانی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "بۆ بنبڕکردنی گەندڵی لەو بەشە خۆراکەی کە وەزارەتی بازرگانی لە ڕێگەی بڕیکارەکانەوە دابەشیدەکات بە سەر هاووڵاتیاندا، پێشنار دەکەم بگۆڕدرێت بە بڕێک پارە".

 

پەرلەمانتارەکەی سائرۆن ڕەخنەشی لەو لیژنەیە گرتووە کە حکومەت پێکیهێناوە بۆ بنبڕکردن و قلاچۆکردنی گەندەڵی لەعێراق و دەڵێت: " بەگوێرەی بڕگەی (2) لە ماددەی 61ی دەستور دەبێت پەرلەمان چاودێر بێت بەسەر ئەدای دەسەڵاتی جێبەجێکردن، لەڕوانگەی ئەوەی کە حکومەت لیژنەیەکی بۆ قەڵاچۆکردنی گەندەڵی پێکهێناوە، تێبینی ئەوەمان کردووە ئەو لیژنەیە تائێستا هیچ ڕێکارێکی دژبە پرسی گەندەڵی لە فۆرمی خۆراکدا ئەنجامنەداوە".

 

عمێری جەختیلەوەکردووەتەوە: "دەبێت حکومەت بە جدی ئاوڕ لەوپرسە بداتەوە و ئاسایشی خۆراکی هاووڵاتی عێراقی کەمدەرامەت بپارێزێت، چونکە خۆی پێشتر بەڵێنی ئەوەی داوە لە بەرنامە حکومییەکەیدا." 

 

پەرلەمانتارەکەی سائێرۆن داواشی لە حکومەت کردووە بەزووترین کات ئەو ڕێکارانە بگڕێتەبەر کە لەڕێگەیەوە گرفتەکانی تایبەت بەو دۆسیەیە چارەسەردەکات".

 

عمێری بەپێویستیشی دەزانێت: " لەبری دابەشکردنی بەشە خوراکێکی کواڵێتی خراپ بەکەمتەرخەمی، بڕێک پارە کە یەکسان بێت بە کۆی ئەو بەشە خۆراکە بدرێت بە هاووڵاتیان، ئەوەش بۆئەوەی جارێکی دیکە گەندەڵکاران نەتوانن گەمە و بازرگانی بە قوتی هەژارانەوە بکەن".