گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

هێرشکەرەكەى پاريس: بەهۆى دووبارە بڵاوكردنەوەى كاريكاتێرەكانى پێغەمبەرەوە ئەو کارەم کرد

2020.09.26 - 18:03
هێرشکەرەكەى پاريس: بەهۆى دووبارە بڵاوكردنەوەى كاريكاتێرەكانى پێغەمبەرەوە ئەو کارەم کرد

ناس کورد-

هێرشبەرەكەى شارى پاريس كە بە چەقۆ دوو هاووڵاتى بريندار كرد، داني بەوەدانا كە بەهۆى دووبارە بڵاوكردنەوەى كاريكاتێرەكانى پێغەمبەرى ئيسلام "محەمەد - درودى خواى لەسەر بێت" لەلايەن ڕۆژنامەى "چارلى ئيبدۆ"ەوە هێرشەكەى ئەنجامداوە.

 

دەزگاكانى ڕاگەياندنى فەرەنسا بڵاويانكردووەتەوە، ئەو كەسەى هێرشەكەى لە شارى پاريس ئەنجامدا لەسەرەتاى دانيشتنى گوێگرتن لێى دانيناوە بە هۆكارى ئەنجامدانى هێرشەكەيدا.

 

پۆليسى فەرەنسى بڵاويكردووەتەوە، ئەو كەسە ناوى "عەلى"يە و تەمەنى 18ساڵە و لە پاكستان لەدايكبووە و ماوەى سێ ساڵە لە فەرەنسا دەژى، كەسێكى گومان لێكراو نەبووە و هيچ مەلەفێكى لە بوارى توندڕەوى لاى پۆليس نەبووە، هەروەها دەزگا ئەمنیيەكان هيچ هەڵسوكەوتێكيان لێ نەبينيوە كە ئاماژەبن بۆ توندڕەوى و لەلاى بەڕێوەبەرايەتیى گشتیى ئاسايشى ناوخۆ ناسراو نەبووە.

 

ئاژانسى فرانس پرێس بڵاويكردووەتەوە، دواى ئەنجامدانى هێرشەكە و دەستگيركردنیى، هێزە ئەمنیيەكان كەسێكى تريان دەستگيركرد كە پێشتر لەگەڵ هێرشبەرەكەدا ژياوە، بەڵام ئەو كەسەى كە بە ڕەگەز جەزائيرييە و لە شوێنى هێرشەكە دەستگيركرا ئازادكراوە.

 

ڕونيشكراوەتەوە، ئەو كەسە كە تەمەنى 33 ساڵە باسى لەوەكردووە كە هێرشەكەى بينيوە و ڕاوى ئەنجامدەرەكەى ناوە و ڕوبەڕووى هەڕەشە بووەتەوە، لە لێكۆڵينەوەكانيش قسەكانى سەلمێنراوە.

 

بەهۆى ڕووداوەكەوە تا ئێستا حەوت كەس دەستگير كراون كە پێنج-يان لە يەكێك لە شوێنەكانى نيشتەجێبوونى ئەنجامدەرى هێڕشەكەدا بوون لە ناوچەى بانتان لە نزيك شارى پاريس، ئەو شوێنە و شوێنەكەى تريشى لە سيرجى پشكنراون.

 

بەهۆى بڵاوكردنەوەى كاريكاتێرى پێغەمبەرى ئيسلام "محەمەد - درودى خواى لەسەر بێت" لەساڵى 2015 يش هێرشكرايە سەر ڕۆژنامەى "چارلى ئيبدۆ" و بەهۆيەوە 12 كارمەندى ڕۆژنامەكە كوژران، لە چەند ڕۆژى ڕابردودا ئەو ڕۆژنامەيە هەمان ئەو وێنانەى بڵاوكردەوە.