گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

عێراق؛ نرخی نەوت بەرزە كەچی داهات 1% زیادیكرد.. هۆكارەكەی بزانە

2020.09.26 - 17:24
عێراق؛ نرخی نەوت بەرزە كەچی داهات 1% زیادیكرد.. هۆكارەكەی بزانە

ناس کورد-

ئەگەرچی بەراورد بە مانگەکانی ڕابردوو نرخی نەوت بەرزبووەتەوە، بەڵام داهاتی نەوتی عێراق تەنها %1 زیادیکردووە، ڕاپۆرتێکیش هۆکاری ئەوە ئاشکرادەکات و دەڵێت، بەهۆی پابەندبوونی عێراق بەڕێککەوتنی ئۆپێک بۆ کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت و ئەوەش بۆچوونی جیاوازی لای بەرپرسانی سیاسی دروستکردووە.

 

وەزارەتی نەوتی عێراق لە 24ی ئەم مانگە بڕی هەناردەو داهاتی نەوتی خاو و ژمێرەی کۆتایی مانگی ئابی ڕاگەیاند و  ئاستی هەناردەی نەوتی عێراق لە مانگی ئابدا دا بە پێی ژمێرەر سەرەتایی و کۆتایی کە لەلایەن کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراقەوە (سۆمۆ) ڕاگەیەندراوە بریتی بووە لە 80 ملیۆن و 494 هەزار و 536 بەرمیل نەوت و تێکڕای داهاتی فرۆشی نەوت لەو ماوەیەدا بریتی بووە لە سێ ملیار و 492 ملیۆن و 164 هەزار دۆلار.

 

ئاماژەی بەوەشکردبوو، هەروەها ئەو نەوتەی بەنرخی زیاتر لە بازاڕدا فرۆشراوە بۆ مانگی ئاب، داهاتەکەی بریتی بووە لە 89 ملیۆن و 711 هەزار و 782 دۆلار کە داهاتێکی زیادە و دەچێتە سەر کۆی داهاتی فرۆشی نەوت.

 

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی "ڕێکخراوی ڕوونبیین بۆ شەفافیەت لە پرۆسەکانی نەوت"، داهاتی مانگی ئاب بڕی 50 ملیۆن و 888 هەزار دۆلاری زیاترە لە داهاتی مانگی پێشوو کە بەهەمان شێوە فرۆشراوە.

 

بەشێوەیەکی بەردەوام وەزارەتی نەوت لە سەرەتای هەرمانگێکدا ژمێرەر سەرەتایی بۆ ئاستی هەناردەی بڕی داهات و نرخی نەوتی فرۆشراو ڕادەگەیەنێت وە لە پێش کۆتایی مانگیش ژمێرەی کۆتایی ڕادەگەیەنێت.

 

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئەو ڕێکخراوە، تێکڕای نرخی فرۆشی نەوتی عێراق بەپێی ژمێرەری کۆتایی لە ئابدا بریتی بووە لە 43.384 دۆلار  لە کاتێکدا لە ژمێرەی سەرەتایدا بە 43.693 دۆلار دانرابوو، بە جیاوازی 0.309  سەنت کەمتر, بەوەش کۆی داهاتی ژمێرەری کۆتای جیاوازییەکی وای نەبووە لەگەڵ نرخی نەوتی برێنت دا لەو مانگەدا، لە کاتێکدا لە مانگی تەموز نەوت بە 40.762 دۆلار فرۆشراوە

 

ژمارەکان ئەوە دەردەخەن، سەرەڕای بەرزی نرخی نەوت لە مانگی ئابدا بەراورد بە مانگی تەموز، کە هەربەرمیلێک نەوت بە  2.622 دۆلار زیاتر لە نرخی تەموز فرۆشراوە، بەڵام داهاتی هەناردەی عێراق تەنها 397 هەزار دۆلار زیاتر بووە.

 

لەڕاپۆرتەکەی ئەو ڕێکخراوەدا هاووە، هۆی ئەو کەمی داهاتە بۆ کەمبوونەوەی بەرهەم و پابەندی زیاتری عێراق بەڕێککەوتنەکەی هاوپەیمانی ئۆپیک پلەس دەگەڕێتەوە.

 

ڕوونبینیین ڕونیکردووەتەوە: "بەپێی ژمێرەی کۆتایی هەناردەی مانگی تەموز و ئاب، کۆی هەناردە لە مانگی ئابدا بڕی پێنج ملیۆن و 168 هەزار و 754 بەرمیل کەمی کردووە، بەوەش بڕی 224 ملیۆن و 241 هەزار دۆلار بەهۆی کەم کردنەوەی بەرهەمەوە داهاتی عێراق کەمی کردووە."

 

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکراوە: "لێرەوە هۆی نارازیبوونی هەندێک لە سیاسیەکانی عێراق دەردەکەوێت لە پابەندبوونی عێراق بەو ڕێژەی بەرهەمەی بۆی دیاری کراوە لە لایەن ڕێکخراوی ئۆپیکەوە، چونکە بە زیانی لێکدەدەنەوە بۆ داهاتی وڵات، لەبەرانبەردا وەزیری نەوت پێی وایە ڕێکەوتنەکەی ئۆپیک پلەس و پابەندبوون پێوەی هۆکاری بەرزی نرخ و زۆر بوونی داهاتە، بە پێچەوانەوە نرخی نەوت دادەبەزێت و دەگەڕێینەوە بۆ ئەو بارودۆخەی لەمانگی نیساندا تێی کەوتین نرخی نەوت بۆ ژێر 20 دۆلار دابەزی بە هۆی زۆری بەرهەم و کەمی خواست لەسەری."

 

لەماوەی ڕابردوودا و بەوتەی بەرپرسانی وەزارەتی نەوتی عێراق بڕیار بوو هەرێمی کوردستانیش بەشدار بێت لە کەمکردنەوەی بەرهەم بەپێی ڕێژەی پشکی لە بەرهەم.

 

ڕوونبینیین ئاماژەی بەوەکردووە، بەگوێرەی لێدوانی عادل شاوش، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری لە کۆمپانیای شاماران، تائێستا هەرێمی کوردستان بەفەرمی داوای کەمکردنەوەی بەرهەمی لە هیچکام لە کۆمپانیا نەوتییەکان نەکردووە.