گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

حکومەت ڕەتی دەکاتەوە بۆیە قەیرانى ناشتنى مردوو بەردەوامە

شارەوانى مەرجى هەیە بۆ هەڵوەشاندنەوەى گرێبەستەکەى گۆڕستانی سلێمانی

2020.09.26 - 15:17
شارەوانى مەرجى هەیە بۆ هەڵوەشاندنەوەى گرێبەستەکەى گۆڕستانی سلێمانی

ناس کورد-

شارەوانى سلێمانى تەرخانکردنى بودجە و پاسەوان دەکاتە مەرج بۆ هەڵوەشاندنەوەى گرێبەستى ناشتنى مردوو کە مشتومڕى زۆرى دروستکردووە، حکومەتیش جەختدەکاتەوە کە شارەوانى ناتوانێت مەرج دیاری بکات.

 

گرێبەستەکە کە لەچەند مانگى ڕابردوودا خرایە بوارى جێبەجێکردنەوە کاردانەوەى زۆرى بەدواى خۆیدا هێنا، دواى ئەو ناڕەزاییانەى لەسەر نرخى ناشتنى مردوو سەریانهەڵدا.

 

بەپێی گرێبەستەکە، ناشتنى مردوو دراوەتە کۆمپانیایەکى تایبەتمەند، نرخى گۆڕیش بەم شێوەیەیە دیاریکراوە، ناشتنى منداڵى تا 12 ساڵ 175 هەزار (75 هەزار بۆ گۆڕ هەڵکەنەکان، 100 هەزار بۆ کۆمپانیا) بەمەبەستى خزمەتگوزاریی و بیئارتۆنى گۆڕەکە بەدرێژى دوو مەتر. هەروەها بۆ ناشتنى مردووى سەروى 12 ساڵ 260 هەزار دینار، (110 هەزار بۆ کۆمپانیا، ئەوەى دیکەى بۆ گۆڕ هەڵکەنەکان).

 

دواى فراوانبوونى بازنەى ناڕەزاییەکان لەو بارەیەوە، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم بەفەرمی داوای لە شارەوانیی سلێمانی کرد گرێبەستەکە هەڵبوەشێنێتەوە و نرخی خزمەتگوزارییەکانیش کەمبکاتەوە، شارەوانیش لە وەڵامدا ڕایگەیاند کار بۆ هەڵوەشاندنەوەى دەکرێت.

 

زیاتر بخوێنەوە: حکومەتی هەرێم داوای هەڵوەشاندنەوەى گرێبەستی ئەو کۆمپانیا دەکات کە سەرپەرشتی گۆڕستانی سلێمانی پێدراوە



زەردەشت ڕەفیق، وتەبێژى شارەوانى سلێمانى بە ناس کوردى ڕاگەیاند، "هەڵوەشاندنەوەى گرێبەستەکە پێویستى بە تەرخانکردنى بودجە و پاسەوانى پێویستە، بۆ ئەوەى کارى ناشتنى گۆڕ بە تایبەتى لە گۆڕستانى نوێ رێکبخرێت".

 

ڕونیشیکردەوە، ئەو گۆڕستانە روبەرى زۆرە و پێویستى بە چاودێرى و پاسەوان هەیە، چاوەڕوانى وەزارەتى شارەوانین بۆ خەمڵاندن و تەرخانکردنى بودجە و پاسەوان، تا گرێبەستە هەڵبوەشنێرێتەوە بەجۆرێک کە مافى کۆمپانیاکەش پارێزراو بێت.

 

گۆڕستانى نوێی سلێمانى کە روبەرەکەى 238 دۆنم زەوییە و پێشتر تایبەت بوو بە ناشتنى مردووانى کۆرۆنا، بەپێی گرێبەستەکە ناشتنى مردوو تێیدا دراوەتە دەست کۆمپانیایەک، بەڵام لە ئێستادا "ڕاگیراوە" بەبێ ئەوەى هەڵبوەشێنرێتەوە.

 

وەزارەتى شارەوانى لەمانگى ئابدا بە نوسراوی فەرمی داواى لە شارەوانى سلێمانى کرد گرێبەستەکە هەڵبوەشێننەو و وەڵامیان بدەنەوە، مانگى دواتریش شارەوانى رەزامەندى لەو بارەیەوە نیشاندا، بەڵام هێشتا گرێبەستەکە هەڵنەوەشێنراوەتەوە.

 

کۆردۆ شابان، وتەبێژى وەزارەتى شارەوانى حکومەتى هەرێم بە ناس کوردى ڕاگەیاند، شارەوانى سلێمانى ناتوانێت مەرج دابنێت بۆ هەڵوەشاندنەوەى گرێبەستەکە، کە لە ئێستادا کارکردن پێی راگیراوە، بەڵام هێشتا هەڵنەوەشێنراوەتەوە.

 

وتیشى، "ئێمە چاوەڕوانى شارەوانى سلێمانین تا گرێبەستەکە هەڵبوەشێنێتەوە و گرێبەستێکى نوێمان پێشکەش بکات تا ئەگەر گونجاو بوو رەزامەندى لەسەر دەربڕین".