گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەدر: كورد جیا دەبنەوە و حەكیم یەكڕیزیی شیعە تێكدەدات 

2020.09.26 - 14:55
بەدر: كورد جیا دەبنەوە و حەكیم یەكڕیزیی شیعە تێكدەدات 

ناس کورد-

 

نوێنەری پارێزگای كەربەلا لە فراكسیۆنی بەدر رایگەیاند، كورد خۆیان بۆ "جیابوونەوە" ئامادە دەكەن و رۆڵی میدیای حەكیمیش لە "تێكدانی یەكڕیزیی شیعە" لەهی وەهابییەكان كەمتر نییە. 

 

 

حامد ئەلموسەوی پەرلەمانتاری فراكسیۆنی بەدری هاوپەیمانێتی فەتح لە پەرلەمانی عێراق، لە كۆمەڵە لێدوانێكدا كە ئەمڕۆ 26 ئەیلولی 2020 نووسینگەكەی بڵاویكردۆتەوە، هێرشی توند دەكاتە سەر ڕەوتی حیكمەی عەممار حەكیم و بە تێكدەری یەكڕیزیی شیعە تۆمەتباری دەكات. 

 

موسەوی كە نوێنەری پارێزگای كەربەلایە، ڕەوتی حیكمە بەوە تۆمەتبار دەكات "پێشتر لەمپەریان بۆ حكومەتی عەبدولمەهدی دروستكردووە، رێگەیان لە یەكڕیزی شیعە گرتووە، هانی خۆپیشاندانیان داوە دژی دەوڵەت". هەروەها دەڵێت كەناڵی ئەلفوراتی حەكیم "رۆڵێكی دیوە هیچی كەمتر نییە لە ڕۆڵی ـ  كەناڵی الوصال ـ ی وەهابی". 

 

ئەم پەرلەمانتارەی بەدر دەڵێت "كورد خۆیان بۆ جیابوونەوە لە عێراق ئامادە دەكەن، سەرۆكی پەرلەمانیش حوكمڕانی عێراق بە هی شیعە دەزانێت، بۆ یەكلاكردنەوەی دۆسیەی هێزەكانی ئەمەریكایش پێویستمان بە هەڵوێستێكی ڕوون هەیە لە سەدر و حەكیمەوە".

 

لەسەروبەندی یەكلاییكردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و پرسى فرە بازنەییدا جۆرێك لە هەڵمەتی پێشوەختەى هەڵبژاردن دەستی پێكردووە لەناو هێزە سیاسییەكانی عێراق لەناو سەرجەم پێكهاتەكان.

 

بەپێی ئەو وادەیەى کە مستەفا کازمى سەرۆکوەزیرانى عێراق دیاریکردووە، هەڵبژاردنى پێشوەختە کە خواستى خۆپیشاندەرانى ناڕازی بوو، لەشەشى حوزەیرانى ساڵى داهاتوو بەڕێوەدەچێت.