گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئیندیپێندێنت: کازمی گەڕی یەکەمی لادانی توندڕەوەکانی حەشدی دەست پێکرد

2020.09.25 - 21:11
ئیندیپێندێنت: کازمی گەڕی یەکەمی لادانی توندڕەوەکانی حەشدی دەست پێکرد

ناس کورد- 

ماڵپەڕى ئیندیپێندتى عەرەبى بڵاوى کردەوە، بەپێى چەند بەڵگەنامەیەک کە بەدەستیان گەیشتووە، مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیران دەستى کردووە بە لابردنى ئەو بەرپرسانەى ناو دەستەى حەشدى شەعبى کە پەیوەندیان لەگەڵ تاراندا هەیە و ژمارەیەک  نوسینگەی  ئەو ڕێکخراوە چەکدارییە لەچەند شوێنێکى هەستیارى بەغدا داخستووە.

 

ئاماژە بۆ ئەوەش کراوە، مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانى عێراق بڕیارى داخستنى ژمارەیەک لەنوسینگەکانى سەر بەمیلیشیاکانى حەشدى شەعبى لەناو فڕۆکەخانەى بەغداى نێودەوڵەتى دەرکردووە و ئەوەش وەک تەنگپێهەڵچنین بە حەشد ناو دەبرێت. 


ئەوەش خراوەتە ڕوو، مستەفا کازمی ڕێنمایى بۆ داخستنى نوسینگەکانى حەشدى شەعبى لەناو فڕۆکەخانەى بەغداى نێودەوڵەتى دەرکردووە هەروەها فەرمانى بەداخستنى نوسینگەکانى ئاسایشى نیشتیمانى و دەستەکانى دەستپاکى و لێپرسینەوە لەناو فڕۆکەخانەکەدا دەرکردوە.


سەرچاوەکان ئاماژەیان بۆ ئەوەش کردووە، بڕیارەکە تەنها نوسینگەکانى هەواڵگرى و ئەوانەى سەر بەوەزارەتى ناوخۆن ناگرێتەوە.


 گرتنەبەرى ئەو ڕێوشوێنانە لەلایەن سەرۆکوەزیرانەوە، هاوکاتە لەگەڵ دوورخستنەوەى دوو سەرکردەى دیارى حەشدى شەعبی ئەوانیش حامد جەزائیرى و وەعد قەدۆیە.


بەپێى بەڵگەنامەکەى ئیندیپێندتى عەرەبى ڕاگەیاندووە، فالح فەیاز فەرمانى بەدانانى زەین عابدین کردووە لەبرى قەدۆ و هەروەها فەرمانى بەدانانى ئەحمەد موجسین مەهدى یاسرى کردووە لەبرى جەزائیرى.



بەپێى چەند سەرچاوەیەکیش لە ناو حەشدى شەعبیەوە کە ئیندیپێندتیان ڕاگەیاندووە، مستەفا کازمى هەوڵدەدات سەرجەم ئەوانەى کە پەیوەندی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ تاران هەیە لەناو دەستەکەدا بگۆڕێت بەڵام کێشە سەرەکییەکە لەگەڵ کەتیبەکانى حزبوڵادایە.



بەوتەى سەرچاوەکان دورخستنەوەى میلیشیاکانى حەشدى شەعبى لەفڕۆکەخانەى بەغداى نێودەوڵەتى لەچوارچێوەى هەنگاوى کەمکردنەوەى چەکدارانى حەشدى شەعبییە  لەشوێنە گرنگەکانى وڵات.


هەر بەگوێرەى سەرچاوە ئاگادارەکانى ناو حەشدى شەعبى، مستەفا کازمیى نایەوێت هەڵەى عەبدولمەهدى دووبارە بکاتەوە و چەند جارێکیش ئەوەى بۆ سەرکردەکانى حەشد ڕوونکردووەتەوە، مانەوەى توندڕەوەکان لەناو دەستەى حەشدى شەعبیدا واتا بردنى وڵات بەرەو بێ دەوڵەتى.


لەمانگى ئابى ساڵى 2019 قەدۆ کە فەرماندەى فەسیڵ بووە لەحەشد، فەرمانێکى عەبدولمەهدى بۆ ڕادەستکردنى دەشتاییەکى نەینەوا بەسوپا ڕەتدەکاتەوە، بەهۆى ئەوەى ئەمریکیەکان بەئەنجامدانى پێشێلکارییەکان لەدژى مەسیحیەکان لەو ناوچەیەدا قەدۆ تۆمەتبار دەکەن.


هاوکات ئەمڕۆ (هەینی، 25ی ئەیلولی 2020)، مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەتویتێکدا لە هەژماری فەرمی خۆی ڕایگەیاند :"پشتگیری خۆمان بۆ پێشنیارەکانی پایەدار سەید موقتەدا سەدر، لە پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەشی ئەمنی و پەرلەمانی و سەربازی بۆ لێکوڵینەوە لەو پێشێلکاریانەی کە شکۆ و ئاسایشی عێراق و پابەند بوونە نێوەدەوڵەتییەکانی  دەکەنە ئامانج  دووپاتدەکەینەوە".   



کازمی جەختیشکردووەتەوە: "دەبێت یاسا سەرەوەر و باڵادەست بێت بەرانبەر ئەوانەی کە لەیاسا یاخیبوون، گەندەڵی و چەکی بەرەڵا لە عێراق جێگایان نابێتەوە".



هەر بەگوێرەى ئیندیپێندتى عەرەبى ،حامد جەزائیرى کەسی دووەم بوو لەناو دەستەى حەشدى شەعبیدا و کازمى دوریخستووەتەوە، یەکێکە لەتۆمەتبارانى سەرەکى بەتێوەگلان لەگەڵ سریەى خۆراسانى کە مانگى تشرینى دووەمى ساڵى پار توندتیژییان لەدژى خۆپیشاندەران ئەنجامداوە و بەڕفاندنى بیانیەکانیش تۆمەتبارە.



ئەوەش لەکاتێکدایە لەچەند ڕۆژى ڕابردوودا هێزەکانى سەر بە دژە تیرۆرى عێراق هەڵمەتێکى بەرفراوانیان بۆ پشکنین و گەڕان بەناوچە جیاوازەکانى بەغداى پایتەختدا دەستپێکرد بەمەبەستى دۆزینەوەى شوێنى ئەوانەى هێرشى موشەکى دەکەنە سەر ناوچەى سەوز و دیپلۆماتکارانى بیانیش دەکەنە ئامانج و ئەو بارودۆخەش کاردانەوەى چەند لایەنێکى سیاسى بەدواى خۆیدا هێنا لەپاڵ ئیدانەکردنى بکەرانى ئەو ڕوداوانەدا داواشیان کرد چارەسەرێکى جدى بۆ ئەو دۆخە بدۆزرێتەوە.