گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ماسکی پلاستیکی تاچەند ڕێگری لە توشبوون بە کۆرۆنا دەکات؟

2020.09.25 - 12:13
ماسکی پلاستیکی تاچەند ڕێگری لە توشبوون بە کۆرۆنا دەکات؟

ناس کورد-

توێژینەوەیەکی پزیشکیی ژاپۆنی ئاشکرایکرد، بەکارهێنانی ماسکی پلاستیکی کەناسراوە بە (فەیس شێڵد) بۆ خۆپاراستن لەڤایرۆسی کۆرۆنا بێ سودە، جەختیشی لەوەکردووەتەوە، ئەو ماسکە بەهیچ شێوەیەک ناتوانێت بەتەنها ڕێگری لە چوونە ژوورەوەی گەردیلەکانی ڤایرۆسەکە بکات بۆ ناو کۆئەندامی هەناسەدان.

 

ڕۆژنامەی"دەیلی مەیل"ی بەڕیتانی توێژینەوەکەی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا هاتووە: "لەکاتی پژمین و کۆکەی کەسانی توشبووی کۆرۆنا، تنۆکەکان و گەردیلەکانی ڤایرۆسەکە لەهەوادا بڵاودەبنەوە، نیوەی زۆری ئەو گەردیلانە بچوکن و بەشەکەی دیکەشی پێکهاتووە لە تنۆک و گەردیلە گەورەکان، لە 100%ی گەردیلە بچووکەکان توانای ئەوەیان هەیە سەربارەی بەستنی ئەو ماسکە بەئاسانی دزەبکەنە ناو کۆئەندامی هەناسەدانی مرۆڤەوە".

 

ئاماژەی بەوەشکردووە: "گەردیلە گەوەرکانیش بەڕیژەی لە 50% بۆیان هەیە لەو ماسکانەوە دزە بکەنە ناو کۆئەندامی هەناسەدانی مرۆڤەوە." 

 

ڕۆژنامە بەریتانییەکە ئەوەی خستووەتەڕوو: " پێش ئاشکراکردنی ئەو توێژینەوە پزیشکییە، حکومەتی بەریتانیا داوای لە کارمەندان و کرێکارانی ئارایشتگەکان و ئەو شوێنکارانەی کە کاری (تاتۆ)دەکەن کردووە  ئەوجۆرە ماسکانە بەکاربهێنن بۆ پاراستن لەتوشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا".    

 

توێژینەوە ژاپۆنییەکە جەختیلەوەکردووەتەوە: "بەکارهێنانی ( فەیس شێڵد) بەتەنها بەس نییە بۆ خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەڵکو دەبێت هاوشان لەگەڵ بەکارهێنانی ئەو ماسکە، دەمامک و ڕێکارەکانی دیکەی بەرگرتن لە نەخۆشییەکە پەیڕەو بکرێت".