گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

توێژینەوەیەك پێگەی هێزە پڕۆ ئێرانییەكان لە عێراقدا رووندەكاتەوە

2020.09.25 - 10:03
توێژینەوەیەك پێگەی هێزە پڕۆ ئێرانییەكان لە عێراقدا رووندەكاتەوە

ناس کورد-

توێژینەوەیەكی ئەكادیمی ئەوە دەخاتەڕوو لە 67 گرووپی چەكداری شیعە لە عێراقدا 44 گرووپیان شوێنكەوتەی عەلی خامنەیی و بڕیاری ویلایەتی فەقیهن و تەنها 17 یان سەر بەمەرجەعیەتی سیستانین.

 

ئەو توێژینەوەیە كە یاسین تەها نووسیویەتی و لە دوا ژمارەی  گۆڤاری (ئایندەناسی) دا بڵاوكراوەتەوە (3) كە سەنتەری لێكۆڵینەوەی ئایندەیی دەریدەكات، ئەوەشی خستوەتەڕوو، لە ناوەندە رۆژئاواییەكان باوەڕێكی زاڵ هەیە كە ئێران سوودمەندی یەكەم بووە لە ڕووخاندنی هەردوو ڕژێمی تاڵیبان لە ئەفغانستان و سەدام حسێن لە عێراق و دەركەوتنی داعش (2014)، هەر لەو میانەیەشدا بەناوی شەڕی تیرۆرەوە  ئێران توانیویەتی بە شێوەیەكی فەرمی و نیمچەفەرمی، دەوروبەری 100 گرووپی چەكدار لە عێراق و سووریا و لوبنان چالاك بكات و بڵاویان بكاتەوە (2014 _ 2018).

 

لە توێژینەوەكەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، لەدوای كشانەوەی سوپای ئەمەریكا لە عێراق لەساڵی (2011)، ژمارەی چەكدارەكانی شوێنكەوتەی ئێران لە ماوەی چوار ساڵدا و لە 2010-2014 ، لە 10 هەزارەوە هەڵكشاوە بۆ 60 هەزار، لەدوای 2014-شەوە بەشێك لەوانە كە پێشتر بەنهێنی كاریان دەكرد، شەرعیەت و پاساویان دەستكەوت.

 

لەبارەی پێكهاتەكانی حەشدی شەعبییەوە تا 2018، توێژینەوەكە بەپشت بەستن بەسەرچاوە ئاگادارەكان بەمجۆرە دابەشی كردووە: "67 گرووپی شیعە، 43 سوننە، 9 لە كەمایەتییەكان(ئێزدی و مەسیحی)، لەناو گرووپە شیعەكاندا، شوێنكەوتووانی “عەلی خامنەیی”؛ ڕابەری شۆڕشی ئێران، دەگەنە 44 گرووپ، شوێنكەوتووانی عەلی سیستانی 17 كۆمەڵ و گرووپ، لە دەرەوەی ئەم دووانەش؛ 6 گرووپی تر شوێنكەوتووی مەرجەعی تری ناوخۆ و دەرەوەی عێراقن، ئەمە لە كاتێكدا یاسای ژمارە (40)ی ساڵی 2016 سەرجەم هێزەكانی حەشدی شەعبی بە بەشێك لە سیستمی بەرگریی عێراق ئەژمار كردووە، هەروەها وەك پەیكەرێكی سەربازیی سەربەخۆ پەیوەستی كردووە بە سەرۆكوەزیرانەوە.

 

لە بارەی ژمارەی پێكهاتەكانی حەشدی شەعبییەوە ئەوە روونكراوەتەوە، لە كۆی 164 هەزار چەكدار و كارمەندی دەستەی حەشدی شەعبی، 110 هەزاریان لە پێكهاتەی شیعەن (67%) و 45 هەزاریان (27%) سەر بە ناوچە سوننەكانن (حەشدی عەشایەری)، تەنها 10 هەزاریان (6%) سەر بە پێكهاتەكانی تری كەمایەتییەكانن، هەروەها لە كۆی 110 هەزار چەكدار و كارمەندی پێكهاتەی شیعە؛ دەوروبەری 70 هەزاریان (42%) لەسەر حەشدی ویلایەت و تاران ئەژمار دەكرێن كە دەكاتە نزیكەی نیوە.

 

بۆ خوێندنەوەی تەواوی توێژینەوەكە بە (PDF) كلیك لێرە بكە: