گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ پاڵپشتیکردنی یۆنان دژی تورکیا دەگاتە ئەو وڵاتە

2020.09.25 - 09:04
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ پاڵپشتیکردنی یۆنان دژی تورکیا دەگاتە ئەو وڵاتە

ناس کورد-

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕاگەیاند، لەچەند ڕۆژی داهاتوودا مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوە سەردانی وڵاتی یونان دەکات، ئاماژەی بەوەشكردووە، مەبەست لەسەردانەکەی بۆ ئەو وڵاتە پشتگیرکردنییەتی بەرانبەر بە تورکیا.

 

بەگوێرەی ئاژانسی "ڕۆیتەرز" وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا هاتووە: "بڕیارە لە نێوان 27ی ئەم مانگە و 2ی تشرینی یەکەمی داهاتوو، مایک پۆمپیو، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گەشتێکی فراوانی ئەوروپی ئەنجامبدات".

 

ئاماژەی بەوەشكردووە: " یەکەم وێستگەی گەشتەکەی پۆمپیۆ وڵاتی یۆنان دەبێت، ئەوەش بەمەبەستی پشتگیریکردنی ئەو وڵاتە لەو ئاڵۆزییە سنوریانەی کە ڕوویداوە لەگەڵ تورکیا".

 

جەختیشیکردووەتەوە: "پۆمپیۆ لە سەردانەکەیدا بۆ یۆنان پشتگیری واشنتۆن بۆ ئەو وڵاتە دووپاتدەکاتەوە، جەختیشدەکاتەوە لە پابەندبوونی ئەمریکا لەبەرقەراکردنی ئاسایش و ئاشتی لەناوچەی خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاست."

 

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، پۆمپیۆ لەمیانی سەردانەکەیدا بۆ وڵاتی یونان سەردانی بنکەی سەربازیی هاوپەیمانی باکوری ئەتەلەسی دەکات لە کەنداوی سودا لە نیمچە دوورگەی کریت.

 

 لە 10ی ئابی ڕابردوو گرژییەکانی نێوان تورکیا و یۆنان و قوبرس بە شێوەیەکی مەترسیدار پەرەی سەند، یۆنان و قوبرس تورکیا تۆمەتباردەکەن بە دەستدرێژیکردن بۆ سەر ئاوە هەرێمایەتییەکانیان لە خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، ئەوەش کاتێک تورکیا هەوڵەکانی بۆ گەڕان بە دوای گازی سرۆشتی لەوئاوانەدا چڕکردەوە.

 

ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوی ئەمریکا ئەوەشی خستووەتەڕوو، لەچوارچێوەی ئەو سەردانەدا، پۆمپیۆ بەنیازە سەردانی ڤاتیکانیش بکات و  گرفتەکانی ئازادی ئاینی لەگەڵ پاپای فاتیکاندا تاوتوێ بکات.