ناس کورد-
ئامارەکانی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان رۆژلەدوای ڕۆژ بەرەو زیادبوون دەچن و ڕێکارەکانی حکومەتیش بەتەواوی کاڵبوونەتەوە، بەرپرسانی تەندروستی پابەندنەبوونی هاووڵاتیان بەڕێنماییەکانەوە بەهۆکاری زیادبوونی توشبووان دەزانن، بەشێك لە هاووڵاتیانیش حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەهۆکار دەزانن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
زیادبوونی ژمارەکان لەدوای ڕێگەدان بوو بەچوونی هاووڵاتیان بە وڵاتانی دراوسێ و هاتنی گەشتیارانی ناوچەکانی خوارووی عێراق لە سەرەتای مانگی ڕابردوودا و هەروەها کەمبوونەوەی پابەندبوونی هاووڵاتیان بە ڕێکارە تەندروستییەکانەو بوو، بەشێوەیەک لەوکاتەوە تائێستا نزیکەی 30 هەزار توشبووی ڤایرۆسەکە دەستنیشانکراون، کە ئەوەش دوو هێندەی ژمارەی توشبووانە لە پێنج مانگی سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە.
بەراوردێکی ئامارەکان
لەسەرەتای مانگی ئازاردا (3) یەکەم حاڵەتی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەهەرێمی کوردستان دەستنیشانکرا، تاوەکو 1ی ئاب (8) واتە لەماوەی پێنج مانگدا، بەکۆی گشتی 14 هەزار و 134 توشبووی ڤایرۆسەکە دەستنیشانکران و لەسنوری پارێزگای سلێمانیش ئامارەکانی توشبوون بەڕیژەیەکی بەرچاو کەمببوونەوە و ڕۆژانە لەنێوان 20 بۆ 60 توشبوودا تۆماردەکران.
لەبەرواری 1ی ئاب بەدواوە و تاوەکو ئەمڕۆ 24ی ئەیلول کە مانگێک و 25 ڕۆژ تێپەڕبووە، ئامارەکانی کۆرۆنا بەراورد بەپێشتر هەڵکشانێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی، بەشێوەیەک لەو ماوەیەدا نزیکەی 30 توشبووی ڤایرۆسەکە دەستنیشانکراون و لەئێستادا کۆی ژمارەی توشبووان گەیشتووەتە، 43 هەزار و 943 توشبوو.
هەرچی دەربارەی مردنە، لەپێنج مانگی سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەدا 551 توشبوو گیانیانلەدەستداوە، بەڵام لە 1ی ئاب تاوەکو ئێستا، هەزار و 41 توشبووی ڤایرۆسەکە گیانیانلەدەستداوە.
زیادبوونی ئامارەکانی توشبوون بە ڤایرۆسەکە لەدوای بەرواری 1ی ئابەوە لەکاتێکدایە، لە بەرواری 20ی تەموز، وەزارەتی ناوخۆ بڕیاریدا، ڕێگە بە هاووڵاتیان بدات بەمەبەستی چارەسەری پزیشکی سەردانی وڵاتی ئێران بکەن، هەروەها بۆ چارەسەری پزیشکی و بازرگانیش سەردانی تورکیا ڕیگەی پێدرا.
لەلایەکی دیکەوە، 1ی ئاب کە هاوکاتبوو لەگەل جەژنی قوربان، بازگەکانی سلێمانی بەڕووی گەشتیارانی ناوچەکانی خوارووی عێراقدا کرانەوە و لەماوەی مانگێکدا نزیکەی 100 هەزار گەشتیار هاتنە سنوری پارێزگای سلێمانی.
لەبەرامبەردا، د. هێرش سەید سەلیم، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی، پێیوایە پابەندنەبوونی هاووڵاتیان هۆکاری زیادبوونی ژمارەی توشبووانە و بەناس کوردی ڕاگەیاند: "هۆكارى زيادبوونەكە پابەندنەبونى هاووڵاتيانە بە نەبەستنى كەمامە و دوركەوتنەوەى كۆمەڵايەتى و دروستكردنى قەرەباڵغييە، هەروەها هاتنى وەرزى پايزيش ژمارەى توشبووان زياد دەكات."
سەبارەت بە هاتنى گەشتيار بۆ هەرێمى کوردستان، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی ئاماژەی بەوەکرد: "ڕێنمايى دراوە بە گەشتياران، سەرەڕاى ئەوەش لە هيچ وڵاتێك گەشتكردن قەدەغە نييە بەتايبەتى كە ئێستا كەرەنتين هەڵگيراوە."
باسى لەوەشكرد: "دەكرێت ڕێوشوێن بگيرێتەبەر بۆ خۆپاراستن، ئەگەر گەشتيار نەيەت شوێنە گەشتيارەكان و هۆتێلەكان و كاسبكاران چى بكەن و ناتوانن بژێويان دابين بكەن، وەك حكومەت ناتوانێت موچە دابين بكات ناچارن تێكەڵى گەشتياران ببن بۆ دابينكردنى بژێوى خۆيان، سەرەڕاى ئەوەش گەشتيار چ مەترسيەكى هەيە و ئەوان دەچنە هۆتێل و شوێنە گەشتياریيەكان، ئێمە نەمانتوانيوە بازاڕ و شوێنە قەرەباڵغەكانى خۆمان كۆنترۆڵ بكەين، گەشتيار چى بكات."
جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی جەختیشیکردەوە، هاتنى گەشتيار دەريخست ئامارەكان بەو شێوەيە نەبوون كە خەڵك پێشبينى دەكرد، چوار هەفتەش دەبێت ئامارەكان جێگيرن، ڕاستە هەندێك ڕۆژ زيادى كردووە، بەڵام ئەوە شتێكى ئاساييە و نەمانوتووە ڤايرۆسى كۆرۆنا كۆتايى هاتووە و كەس تووش نابێت و كەس نامرێت.
نەمانی کەرەنتینە و پشکنینی دەروازە سنورییەکان
لەدوای ئەوەی حکومەت بڕیاریدا کە هاووڵاتیان بۆ هەندێک مەبەست بتوانن سەردانی وڵاتانی دراوسێ بکەن، یاخود بێنەوە هەرێم، بڕیاردرا لە دەروازە سنورییەکان لەبەرامبەر بڕی 60 هەزار دیناردا پشکنینی کۆرۆنا ئەنجامبدرێت.
بەوتەی بەشێک لەو گەشتیارانەی کە لەوڵاتی ئێرانەوە گەڕاونەتەوە، دەرچوونی پشکنینەکە کاتێکی زۆری دەوێت و ئەو کەسانەش کەرەنتین ناکرێن، بەڵکو ڕێگەیان پێدەدرێت بڕۆن و تێکەڵی خەڵک بن، دواتر و پاش چەند رۆژێک ئەنجامی پشکنینەکەیان بۆ دەنێردرێتەوە، تەنانەت هەندێک لەو کەسانە دەڵێن، دوای 20 رۆژ پشکنینەکەیان وەرنەگرتووەتەوە.
لەوبارەیەوە د. هێرش سەید سەلیم وتی: " ئەوە ڕاست نييە و پشكنين بۆ هەركەسێك بكرێت دەگەڕێتەوە، بەڵام هەندێك جار بەهۆى زۆرى پشكنينەكانەوە ئەنجامەكان دوادەكەون."
لەهەفتەی ڕابردوودا ناس کورد لەزاری سەرچاوەیەکەوە لەدەروازی سنوری باشماخ ئاشکرایکرد، پشکنینی کۆرۆنا لە دەروازە سنورییەکان دراوە بە کۆمپانیا.
لەوبارەیەوە جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی سلێمانی ئاماژەی بەوەکرد: " ئەوە ڕاستە و كۆمپانياكانى پشكنين هيچ ڕێكارێكى ياساييان نەگرتووەتەبەر و بە ناياسايى ئەو كارە دەكەن و تائێستا ڕەزامەندى وەزارەتى تەندروستيان بۆ نەگەڕاوەتەوە و بەبێ ڕێنمايى كار دەكەن."
وتیشی: " پارێزگارى سلێمانيم لەو كارە ئاگاداركردووەتەوە بۆ ئەوەى كارەكانيان بوەستێنين، ياخود ڕێكارى ياسايى بگرينەبەر تا بزانين بە چ بڕيارێك پارە وەردەگرن و ئەو پارە بۆ كێيە و دەچێت بۆ كوێ، هەروەها بۆ ئەوەى بزانين كە تايبەتمەندى تاقيگەكانيان چييە و چۆنە."
لەئێستادا ئەگەرچی بەراورد بەڕابردوو ئامارەکان بەرەو هەڵکشان چوون، بەڵام ڕێکارە تەندروستییەکان کەمتربوونەتەوە.
جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی باسی لەوەکرد: " پێدەچێت هەندێک ڕێوشوێن بگیرێنەبەر بەتايبەتى لەو شوێنانەى كاريگەريان هەيە بۆ بڵاوبوونەوەى كۆرۆنا وەك ئەو شوێنانەى قەرەباڵغيان تێدا دروست دەكرێت."
جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی بەدووریشی زانی جارێکیتر کەرەنتینە دووبارە بکرێتەوە و ئاماژەی بەوەکرد، تەنها لەكاتێكدا دەبێت ئەگەر حاڵەتەكان لە كۆنترۆڵ دەربچن.
ئەوەشی خستەڕوو، پێدەچێت لەم زستانەش كە بەڕێوەيە ژمارەى توشبووان و مردن زياد بكەن.
ناس کورد چەند جارێک پەیوەندیکرد بە وەزیری تەندروستیی هەرێمەوە، بەڵام ناوبراو وەڵامی پەیوەندییەکەی نەدایەوە و وەزارەتەکەشی بێ وتەبێژە.