گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

هەسەدە: پارتی دەستیکردووە بە خەندەق لێدان و ناردنی هێزی زیاتر بۆ سنوری هەرێم و رۆژئاوا

2020.09.24 - 20:36
هەسەدە: پارتی دەستیکردووە بە خەندەق لێدان و ناردنی هێزی زیاتر بۆ سنوری هەرێم و رۆژئاوا

 

ناس کورد-

هێزەكانى سورياى ديموكرات "هەسەدە" ڕایگەیاند، جوڵەى گوماناوى لەسەر سنورەكانى هەرێمى كوردستان و ڕۆژئاوا هەيە و پارتى ديموكراتى كوردستان دەستيكردووە بە خەندەق لێدان و ناردنى هێزى زياتر، هەسەدە گومانیش دەکات ئەو کارە پەیوەندی بەسەردانەکەی سەرۆکی هەرێمەوە بۆ تورکیا هەبێت.

 

ئەمڕۆ پێنجشەممە 24ی ئەیلولی 2020، هەسەدە لەڕاگەیەندراوێکدا لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕى كۆمەڵايەتى فەيسبووك بڵاويكردووەتەوە: " هاوكات لەگەڵ چڕكردنەوەى كۆبوونەوە و گفتوگۆكان بۆ يەكخستنى ڕيزەكانى كوردانى ڕۆژئاوا و هەوڵە نێودەوڵەتيیەكانى ئەمريكا و تەنانەت ڕوسياش بۆ دروستكردنى هاوپەيمانێتيەكى كوردى - كوردى و هاوپەيمانێتى كوردى لەگەڵ لايەنە ئۆپۆزسيۆنەكانى سوريا، جوڵەى گوماناوى لەسەر سنورەكانى نێوان هەرێمى كوردستان و ڕۆژئاوا دەبينرێت." 

 

ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەو جوڵانە لەلايەن پێشمەرگەكانى پارتى ديموكراتى كوردستانەوەيە و دەستيان كردووە بە هەڵكەندنى خەندەق و توندكردنى سنورەكان و ناردنى هێز و چەكى زياتر.

 

هەسەدە تەئكيديشی کردووەتەوە، ئەو جوڵانە لەم كاتەدا كە گرژيەكان زياديان نەكردووە و هيچ شتێك لە لايەنێكى ڕۆئاواوە دژى هەرێم نەكراوە، نيشانەى پرسيارى زۆر هەڵدەگرێت دەربارەى نييەتى پارتى ديموكراتى كوردستان لەو رێوشوێنانە كە لەوانە نييە خێريان پێوەبێت.

 

هێمای بۆ ئەوەشكردووە، ئەوەى جێى سەرنجە ئەو ڕێوشوێنانە چەند ڕۆژێك دواى سەردانەكەى نێچيرڤان بارزانى بۆ توركيا دێت كە لەلايەن ڕەجەب تەيب ئەردۆگان، سەرۆككۆمارى توركياوە بانگهێشت كرابوو.

 

هەسەدە پرسيارى ئەوەش دەكات، ئايا ئەردۆگان داواى چى لێكردوە تا بەو شێوەيە سنورەكان بەهێزتر بكەن؟ ئايا ئامانجيان چييە لەوەدا؟.

 

بەپێى بڵاوكراوەكە، لەكاتێكدا كە پێويستە پارتى ديموكراتى كوردستان پێشوازى لە دەستپێشخەرييەكە بكات بۆ يەكخستنى ڕيزەكان و نيازپاكى پيشانبدات بە سوككردنى رێوشوێنەكانى هاتوچۆ لە سنورەكانەوە بۆ ڕۆڵەكانى گەلى كورد لە هەردولا، بە تەواوەتى پێچەوانەكەى دەكات.

 

هەسەدە پێشیوايە، لەوانەيە پلانێكى نوێى توركيا هەبێت كە وەك هەميشە لەسەر دەستى بارزانى جێبەجێ بكرێت، ئەوەش لە چوارچێوەى هەوڵەكانى بۆ دروستكردنى گرژى و كۆسپ خستنە بەردەم يەكگرتوويى كوردى و لەباربردنى پێش لەدايكبوونى.