گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لەدەروازەی ڕاپەڕینەوە زەنگی بایکۆتکردنی خوێندن لێدرا

2020.09.24 - 19:05
لەدەروازەی ڕاپەڕینەوە زەنگی بایکۆتکردنی خوێندن لێدرا

ناس کورد-

پێش دەستپێکردنی خوێندنی ئەمساڵ و لەسنوری ئیدارەی ڕاپەڕینەوە زەنگی بایکۆتکردنی ناوەندەکانی خوێندن لەلایەن مامۆستایانی ناڕازییەوە لێدرا و دەڵێن لەگەڵ دستپێکردنەوەی دەوامی خوێندنی ئەمساڵدا بایکۆت و خۆپیشاندان و ناڕەزایی بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان دەستپێدەکەن.

 

ئەمڕۆ پێنجشەممە 24ی ئەیلولی 2020، ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی لەشاری ڕانیە لەسنوری ئیدارەی ڕاپەڕین کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ بەشیک لە دەستە و ئەنجومەنە ناڕازییەکانی مامۆستایان و فەرمانبەران کۆبوونەوە.

 

لەدوای کۆبوونەوەکەش لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی ڕایگەیاند، بڕیاریانداوە دەستپێکی خوێندنی ئەمساڵ بکەنە دەستپێکی بایکۆت و خۆپیشاندان و ناڕەزایی دژی ئەو دۆخە نالەبارەی کە دروستبووە و سەرجەم چین و تویژەکانی گرتووەتەوە.

 

ئاماژەیان بەوەشکرد، ئەوان ناچنەوە هۆڵەکانی خوێندن و بایکۆت دەکەن، هەتا داواکارییەکانیان جێبەجێدەکرێت و مافەکانیان پێدەدرێت.

 

هاوکات هەر ئەمڕۆ بەڕێوەبەرانی خوێندنگە ئامادەییەکانی سنوری پەروەردەی پشدەر کۆبوونەوە و بڕیاریاندا، خویندنی ئەمساڵ هەڵپەسێرن تا 10ی مانگی داهاتوو، لەکاتێکدا بڕیارە 27ی ئەم مانگە خوێندنی ئەمساڵ دەستپێبکات.

 

بەڕێوەبەرانی خوێندنگە ئامادەییەکانی سنوری پەروەردەی پشدەر لەڕاگەیەندراوێکدا هۆکاری بڕیارەکەیان بۆ چەند خاڵێک گەڕاندووەتەوە و  ڕایانگەیاندووە: "بێباکی حکومەت بەرامبەر پەروەردە و فێرکردن لەئێستادا پرۆسەی پەروەردەی بە دۆخیکی نەخوازراودا بردووە."

 

ئەوەشیان خستووەتەڕوو، پێنەدانی ماف و شایستە داراییەکانیان و کاریگەرییە خراپەکانی خوێندنی ئەلکترۆنی بۆسەر پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن، دوو هۆکاری دیکەی پشت بڕیارەکەیانن.

 

لەڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، هیچ ئامادەکارییەک بۆ دەستپێکردنی خوێندن لەسنورەکەیان نەکراوە و هۆکارە خۆپارێزییەکانیش دابین نەکراوە بۆیان.